زیاتر لە 24 گوندن
گوندەکانی پیرمەگروون نیگەرانی بێ کارەبای بە ئیدارەی ناحیەکە دەگەیەنن
964+
ئەحمەد مستەفا
زیاتر لە 24 گوندی سنوری ناحیەی پیرەمەگروون لە قەزای دوکان، لە دەست کەمی کارەبا نیگەرانن، بڕیاریان داوە سبەی یەکشەممە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی پیرەمەگروون کۆببنەوە.
گوند بۆ گوند ماوەی پێدانی کارەبا و کاتی پێدانەکەی جیاوازە، بە قسەی گوندنشینێک، “کەمیش بووەتەوە”.
ئەمڕۆ شەممە 20.7.2024، ئەحمەد عەلی، یەکێکە لەو گوندنشینانە ئەو بە 964ی وت، “ئێستا لە گوندەکانیش وە جاران کەشی گەرما ئاسایی نییە، وەک ناو شاورەکان گەرمن، هەندێک کەرەستە و ئامێریش هەن پێویستیان بە کارەبایە”.
زۆرێک لەو گوندانە مۆلیدەیان نییە، ئەو وتی داوایان کردووە، “سبەی یەکشەممە سەعات 9:00ی سەر لەبەیانی هەر گوندێک نوێنەرێکی، یان چەند کەسێکی بنێرێت سەردانی ناحیەی پیرەمەگروون بکەن، بە مەبەستی باشترکردنی کارەبایی سنوری گوندەکانی ناحیەکە”.
گوندەکان بریتین لە، (موغاغ، کانی میران، سویێکە، حاجیتان، سابوڕاوا، کانیشۆک، چاڵاخ، دولکان، ئیسابەگی، عەواڵان، شیەخان، شۆڕناخ، کەلەباش، گولیجە، گەبە، قەرەچەتان، گردەبۆر، قازیاوا، حەسەن تەپە، کۆکە، کرژە، یاران بەگی، کارێزی سەعید و بیران).
زۆرینەی گوندەکان لە سنووری، سورداش تا قازیاوا هەمان داوایان هەیە، ئەحمەد عەلی وتیشی، “نایانەوێت ئەو بێدەنگییەیان ببێتە هۆی بەکار هێنانیان”.