سەرۆکى رواندا...وێنە: ئاژانسەکان
زۆرى نەمابوو سەرۆک 100%ـى دەنگەکان بەدەست بێنێت
ئەو وڵاتەى بڕیار بوو پەنابەرانى کوردى بۆ رەوانە بکرێت هەڵبژاردنى کرد
964+
وریا فەتاح
رواندا ئەو وڵاتەی دواى ئەوەى حکومەتى بەریتانیا بڕیاریدا پەنابەرانى بۆ بنێرێت، لە هەرێمى کوردستان زیاتر ناسرا، لەوێ هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى بەڕێوەچوو، سەرۆک بە بەدەستهێنانەوەى 99.18%ـى دەنگەکان، بەردەوامى بە دەسەڵاتەکانى دەدات، کە لە ساڵى 1994ـەوە بەدەستیەوەیەتى.
بەپێى ئەنجامە بەراییەکانى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى رواندا، پاول کاگامێی سەرۆک 99.18%ـى دەنگەکانى هێناوە و بەرەو چوار دەیە لە حوکمڕانى دەڕوات، ئەو ئەنجامانەش رەخنەگرانى کاگامێى وروژاند و دەڵێن، بەهۆى نەبوونى دیموکراسى و ئازادى لە هەڵبژاردندا، ئەو ئەنجامە بەدەستهێنراون.
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی نیشتمانی هەڵبژاردنەکانى رواندا، فرانک هابینێزی سەرۆکی پارتی سەوزی دیموکراتەکان، تەنیا لەسەدا 0.5 و فیلیپ مپایمانای سەربەخۆ لەسەدا 0.23ـى دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.
ئەم دوو کاندیدە لە هەڵبژاردنى 2017شدا لە بەرامبەر پاول کاگامێ خۆیان کاندید کرد، بەڵام نەیانتوانى بارى دەنگە زۆرەکانى پاول کاگامێ لار بکەن.
کلیمنتین دی مۆنتخۆی، توێژەری باڵای هیومان رایتس وۆچ لە بارەى ئەنجامەکانى هەڵبژاردنەکەى روانداوە وتویەتى،”نمرەی بێ وێنەی کاگامێ کە زیاتر لە 99% دەنگەکانى بەدەستهێناوە، پێمان دەڵێت کە فەزاى سیاسى بۆ ئۆپۆزسیۆن لە رواندا چەند سنووردارە”.
کاگامێ لە ساڵى 2000ـەوە بە فەرمى سەرۆکایەتى وڵاتەکەى گرتووەتە دەست، بەڵام دواى ئەوەى هێزە یاخیبووەکانى لە ژێر فەرماندەیى خۆى لە ساڵى 1994ـەوە کۆکردەوە و کۆتاییان بە جینۆسایدى وڵاتەکە هێنا، دەسەڵاتى ئەو وڵاتەى گرتووەتەدەست.
لە یەکەم رۆژی دەسەڵاتیدا لە رۆژى 6ـى ئەم مانگە، کییەر ستامەر، سەرۆک وەزیرانی نوێی بەریتانیا، ئەو یاسایەی هەڵوەشاندەوە کە بەزۆرەملێ کۆچبەرانی دەنارد بۆ وڵاتی رواندا، کە لە مانگى نیسانى رابردوودا لە لایەن پەرلەمانەوە پەسەندکرا بوو.
بە گوێرەی یاسای سەلامەتیی رواندا، کە لەلایەن ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا دەرکرابوو، بڕیار بوو ئەمساڵ 5700 کۆچبەری نایاسایی بە فڕۆکە دیپۆرتی رواندا بکرێن، کە بەشێکیان کورد بوون.