هەڵمەتى شارەوانى بەردەوامە
بازاڕى کۆترى سەلام لە هەولێر رێکخرایەوە
964+
وریا فەتاح
زیاتر لە دوو مانگە، شارەوانیى هەولێر هەڵمەتى رێکخستنەوەى بازار و شوێنە گشتییەکانى دەستپێکردەوە، لە هەنگاوى کۆتاییدا بازاڕى کۆترى سەلامى رێکخستەوە.
کارزان عەبدولهادى، سەرۆکى شارەوانیى هەولێر بە 964ـى وت،” لەلایەن تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی یەک بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانی، هەڵمەتێکی رێکخستنەوەی بازاڕی کۆتری سەلام کە ناسراوە بە بازاڕی مۆبایلفرۆشان بەڕێوەچوو “.
بە وتەى سەرۆکى شارەوانى، هەڵمەتەکە لە هەنگاوى یەکەمدا تەنیا رێکخستنەوەى بازاڕ و کەمردنەوەى جەنجاڵى و ئاستەنگەکانى هاتوچۆیە و هیچ کەس لە کاسبى ناکرێت.
هەڵمەتەکە دوو مانگ زیاترە بەردەوامە و تیمەکانى شارەوانى رێنمایى بە دوکانداران دەدەن کە بە شەوان نابێت شتەکانیان لە دەرەوە بێت، وەک کارزان عەبدول هادى باسى دەکات، رۆژانەش تەنیا چەند شتێکى پێویست دەبێت بهێنرێتە دەرەوە.
“تیمەکانى شارەوانى، چاودێرى بازاڕەکان دەکات و هەر دوکاندارێک پابەندى رێنماییەکان نەبێت رێکارى پێویستى بەرامبەر دەگیرێتەبەر”، سەرۆکى شارەوانى هەولێر واى وت.
لەدواى ئاگرەکانى هەولێر، شارەوانى هەولێر هەڵمەتێکى چڕى بۆ رێکخستنەوەى ناوبازاڕەکان دەستپێکرد و رێگە نادات دوکانداران شتەکانیان لە دەرەوە جێبهیڵن و پەردەى بەسەردا بدەن.