"سەرقاڵی چاکسازین"
تا دوای نیوەڕۆ دانیشتووانی پێنجوێن بێ کارەبا دەبن
964+
ئەحمەد مستەفا
کارەبای سلێمانی دەیەوێت دانیشتووانی قەزای پێنجوێن ئاگاداری ئەوەبن، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە تا کاتژمێر 1:30 خولەکی دوای نیوەڕۆ کارەبای نیشتمانییان نابێت.
ئەوە لە کاتێکدایە، لە کاتژمێر 7:00ی ئەم بەیانییەوە کارەبایان بڕاوە و قەزاکە مۆلیدەی ئەهلی تێدا نییە.
پێش ئێستا، بەڕێوەبەرایەتی کارەبای گشتی سلێمانی بڵاویکردەوە، “ئاگاداری دانیشتوانی قەزای پێنجوێن و دەوروبەری دەكەینەوە، كە بەهۆی ئەنجامدانی كاری چاكسازیی زۆر پێویست لە هێڵی 132 كەیڤی (تانجەرۆ-سەیدسادق-پێنجوێن) کارەبایان براوە”.
چاکسازییەکە لەلایەن بەشی چاكسازیی هێڵەكان لە بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی وزەی كارەبای سلێمانی ئەنجامدەدرێ، لە بڵاوکراوەی کارەبای سلێمانی هاتووە، “لە كاتژمێر 7:00ی بەیانی ئەمڕۆوە كارەبایان كۆژاوەتەوە، بەپێی پلانی كاركردن لە دوای تەواوبوونی كارەكان لە كاتژمێر 1:30 خولەكی دوا نیوەڕۆ كارەبایان بۆ دەگەڕێتەوە”.
ئەو قەزایە کە 16 هەزار بەشداربووی کارەبای هەیە، پێویستی بە 35 مێگاوات کارەبای بەردەوام هەیە، تا خواستی قەزاکە بە تەواوی پڕبکاتەوە بۆ 24 کاتژمێری پێدانی کارەبا.