شەڕ هاتووەتە ناو شار

لە یەک مانگدا سوپاى تورکیا نۆ گوندى بە گوندنشینان چۆڵکردووە

964+

وریا فەتاح

قۆناغى یەکەمى ئۆپەراسیۆنەکەى سوپاى تورکیا لە کۆتاییدایە و بەم نزیکانە قۆناغى دووەم کە پەڕینەوەیە بۆ چیاى گارە دەستپێدەکات، رێکخراوى (CPT)، ئاشکراى دەکات کە لەیەک مانگى رابردوودا نۆ گوند بەهۆى گرژییەکانەوە چۆڵکراون.

کامەران عوسمان، رێکخەرى تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT)ـى ئەمەریکى بە 964ـى وت،” لە 15.6.2024 تا 15.7.2024، سوپاى تورکیا نۆ بە گوندنشینان چۆڵکردووە.

گوندە چۆڵکراوەکان ئەمانەن:

مژێ، کەفنەمژێ، گیرگاشێ، سپیندارێ لە سنوورى گارە

میسکا، دەرگەلی، شیلازە، بشیلێ، لە سنوورى بەروارى باڵا

گوندى بێمکا لە باتیف

قۆناغى یەکەمى ئۆپەراسیۆنە نوێکەى تورکیا لە 15،6،2024 دەستیپێکردووە، بە وتەى کامەران عوسمان، قۆناغى یەکەمى ئۆپەراسیۆنەکە نزیک بووەتەوە لە کۆتایى و بڕیارە بەم نزیکانە قۆناغى دووەم و پەڕینەوە بۆ چیاى گارە دەستپێبکات.

بە وتەى رێکخەرى تیمى کوردستانى ئەو رێکخراوە ئەمەریکییە، سوپاى تورکیا نزیکبووەتەوە لەوەى بە تەواوەتى چیاى مەتینا کۆنتڕۆڵ بکات.

سوپاى تورکیا لە ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەیدا بە قوڵایى هەشت کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکى هەرێمەوە و حەوت بارەگاى نوێشى دروستکردووە، سەدان خانەوادەى کوردى سنوورى ئامێدیش لەبەردەم هەڕەشەى ئاوارەبووندان.

هەرچەندە لە ماوەى رابردوودا شەڕ و رووبەڕووبونەوەى نێوان سوپاى تورکیا و گەریلاکانى پەکەکە لە چیا و گوندەکان بوون، بەڵام بەپێى زانیارییەکانى (CPT)، ئێستا شەڕ پەڕیوەتەوە بۆ ناو شار، وەک ئەوەى کامەران عوسمان دەڵێت، دوو شەو لەمەوبەر لەناو گۆڕستانى کۆنى ئامێدى رووبەڕووبونەوە لە نێوان سەربازانى سوپاى تورکیا گەریلاکانى پەکەکە روویداوە.

“شەوانە سوپاى تورکیا لەناو ئامێدى و دەورووبەرى بازگەى کاتى دادەنێت، لە رۆژانى رابردوو تورکیا ویستوویەتى لە پشت ئامێدى بارەگایەکى نوێ بەرامبەر گارە دابمەزرێنێت، بەڵام گەریلاکانى پەکەکە رووبەڕوویان بوونەتەوە و شەڕ روویداوە”، کامەران مەلا عوسمان واى وت.

لە ساتەوەختی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی تورکیاوە، تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی CPT لە نزیکەوە چاودێری گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە دەکات و کاریگەرییەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنە لەسەر هاووڵاتیانی مەدەنی بە بەڵگەنامە دەکات

بەپێى داتاکانى رێکخراوى (CPT)، لە ماوەى یەک مانگى رابردوودا، تورکیا 381 جار هەرێمى کوردستانى بۆردوومان کردووە کە 339 هێرش بە فڕۆکەى جەنگى و 35 بۆردومان بە تۆپباران و حەوت هێرشى درۆنیش هەبووە.

هێرشەکان بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانى هەرێم دابەش بوون:

هەولێر: 43 هێرش

سلێمانى: 43 هێرش

دهۆک: 289 هێرش

شەنگال: یەک هێرش

لەبارەى زیانە گیانییەکانیشەوە، کامەران مەلا عوسمان ئاشکراى کرد کە لە یەک مانگى رابردوودا، دانیشتوویەکى مەدەنى سیدەکان بریندار بووە.

184 خێزانیش لە ماوەى یەک مانگدا ئاوارە بوون و 19 خانوو و چەند ئۆتۆمبێلێک زیانیان بەرکەوتووە

بەپێى ئامارەکانى (CPT) کە پێش ماوەیەک بۆ 964 ئاشکراى کرد، لە 1.1.2024 تا 1.7.2024، سوپاى تورکیا یەک هەزار و 76 هێرش و بۆردوومانى بۆسەر خاکى هەرێم ئەنجامداوە.

سوپاى تورکیا بە قوڵاى 30 بۆ 35 کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکى...

سوپاى تورکیا بە قوڵاى 30 بۆ 35 کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکى هەرێمى کوردستانەوە

لەبارەى ژمارەى بنکە و بارەگاکانى سوپاى تورکیاش لە خاکى هەرێمدا، پێشتر کامەران مەلا عوسمان بە 964ـى وتبوو ،” تورکیا 71 بنکە و بارەگاى سەربازى هەیە و پێش ئەو ئۆپەراسیۆنە ژمارەیان 64 بنکەو بارەگا بوو”.

بەپێى ئامارەکانى ئەو رێکخراوە، بەهۆی لەشکرکێشییەکانی تورکیا لە ساڵانی 1990ـەکانەوە، 170 گوند بەتەواوەتی چۆڵبوون و نزیکە602 گوندی تریش مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە، هەر لەو ماوەیەشدا 344 هاوڵاتى مەدەنى گیانیان بەخشیوە و 359 هاوڵاتى دیکەش بریندار بوون.