گەشتوگوزاری چۆمان ئاگادارتان دەکاتەوە
شوێنە گەشتیارییەکان بە پیسی جێبهێڵن سزا دەدرێن
+964
ژێوار خدر
بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری چۆمان ئاگاداری خاوەنی خانووە گەشتیارییەکانی کردەوە، ئەگەر خۆڵ و خاشاک لە بەردەمی ماڵەکانیان جێبهێڵن، رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگرنەبەر.
هەڵگورد محەمەد بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان ئەمڕۆ دووشەممە 16.7.2024 بە 964ی وت، بەهۆی ئەوەی ناوچەکەیان ناوچەیەکی گەشتیارییە و رۆژانە گەشتیارێکی زۆر رووی تێدەکەن، کۆنتڕۆڵکردن و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی خۆڵ و خاشاک زەحمەتە، رۆژانەش زبڵ و خاشاکێکی زۆر فڕێ دەدرێنە سەر رێگا گشتییەکان و سیمای ناوچەکەیان ناشیرین کردووە، ئەوە جگە لەوەی بووەتە مایەی تێکدانی سروشتەکەش.
وتیشی، “لە پێناو رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی پیسی و پاراستنی ژینگەکەمان بڕیارمانداوە، هەر خاوەن خانوویەک و کەپرێکی گەشتیاری شوێنەکەی بە پیسی جێبهێڵیت و پابەندی رێنماییەکانمان نەبێت و سەرپێچی بکات، رێکاری یاسایی بەرامبەر بگرینەبەر، کە دەکرێ پێبژاردن یان تۆمارکردنی داوای یاسایی بێت.
بەپێی قسەی هەڵگورد محەمەد، ، ئۆتۆمبێلی کۆمپانیای کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک هەفتەی دوو جار لە رۆژانی پێنج شەممە و یەکشەممە تەواوی شوێنە گەشتیارییەکان پاک دەکەنەوە، بۆیە داوا لە خاوەنی خانووەکان دەکات لە رۆژانی دیاریکراودا زبڵ و خاشاکەکانیان لەناو حاویەی بەردەم خانووەکانیان دابنێن، بەم جۆرە کارمەندانی کۆمپانیا فڕێی دەدەن و پیسی بڵاونابیتەوە.
لە سنووری قەزای چۆمان بە گشتی 200 مۆتێل و خانووی گەشتیاری و سەرووی 650 کەپری گەشتیاری هەن.