دیمەنی گەڕانی تیمەکان و خەڵک لەسەر زێی گەورە _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
چوار تیم لەسەر زێی گەورەن
ئەو مەلەوانەی دەوترێ خنکاوە لەدوێنێوە بێ سۆراغە
964+
شۆڕش هەرکی – هەولێر
لەدوێنێ هەینییەوە هاوڵاتییەکی دانیشتووی قەزای بنەسڵاوەی پارێزگای هەولێر بێ سۆراغە، کە بۆ گەشت لەگەڵ کەسوکاری چووەتە سەر زێی گەورە لەگوندی گۆسکە، بەرگری شارستانی دەڵێت، “کەسەکە گەرچی مەلەوان بووە، بەڵام بەهۆی شەپۆلی ئاوەوە خنکاوە”.
بەرگری شارستانی هەولێر چوار تیمی ناردووەتە سەر زێی گەورە و کەسوکاری هاوڵاتییەکەش لە هەوڵی سۆراغ کردنیدان، ژمارەیەک وێنە بۆ 964 نێردراوە دەردەکەوێ بە بەلەم و بە مەلە سۆراغکردنی هاوڵاتییەکە بەردەوامە.
ژمارەیەک لەو کەسانەی بەشداری گەڕانەکەن لە ژێر خۆرێکی بەتیندا کارتۆنیان لەسەر کردووە و چادر و چەتریان هەڵکردووە، لە چاوەڕوانی گەڕان و پشکنینەکاندا ئەوەندا ئاوی خواردنەوە بەکارهاتووە، ناوچەکەیان پڕ بووە لە پەرداخی پلاستیک.
ئەو هاوڵاتییە ناوی موحسین کەریمە و تەمەنی 55 ساڵە، ئەمڕۆ شەممە 13.7.2024، شاخەوان عومەر، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە 964ی وت، “هاوڵاتییەکە خۆی مەلەوان بووە، بەڵام بەهۆی شەپۆلەکانی زێی گەورەوە خنکاوە، تیمەکانی ژێرئاوی قەندیل، کەڵەک، تەق تەق و ئاکرێ لەوێن، بەڵام تائێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە”.
وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، “گەڕانەکان تا گەیشتن بە دەرئەنجامێک بەردەوام دەبن، وە ئێستا بە کۆی گشتی چوار تیم لەسەر زێی گەورە بۆ سۆراغکردنی”.
سەرباز ئەحمەد، کوڕەپوری موحسینە ئەو بە 964ی وت، “پورزاکەمان خۆی کەسێکی مەلەوانە و شارەزایە، بەڵام لەناکاو نوقم دەبێت و تاوەکو ئێستاش گەڕان بەدوای تەرمەکەی بەردەوامە”، ئەو وتی، “موحسین خێزاندارە”.
کەسوکارەکەی لە بڵاوکراوەیەکدا بۆ رای گشتی نوسیوویانە:
سڵاو رێز هاورێیان سوپاس بۆ هاوکاریتان
هاوڵاتی شاری هەولێر دانیشتووی بنەسڵاوە لە دوێنی عەسرەوە لەسەر زێری گەورە ـ کەڵەک ـ دروست گوندی گۆسکە لەوێ کەوتوەتە ناو ئاو تا ئێستا چوار تیم بە هاوکاری تیمەکانی قەزای خەبات و شارۆچکەی ئاکرێ و تیمی تەقتەق لەدوای تەرمی هاوڵاتی:ـ موحسین کەریم دەگەڕێن نادۆزێتەوە بۆیە، داواکارین هەر تەرمێک دۆزرایەوە بەدرێژایی زێی گەورە پەیوەندی بەو ژمارانە بکەن:
07504729846
07507018913
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا