ساڵى پار لە هەمان پڕۆژە کرێکارێک گیانى لەدەستدابوو
کرێکارەکەى سلێمانى لە نهۆمى 40ـەوە کەوتووەتە خوارەوە
964+
دیلان محەمەد- سلێمانى
ئەو کرێکارەى ئەمڕۆ لە سلیمانى گیانى لەدەستدا لە نهۆمى 40ـەوە کەوتووەتە خوارەوە، داواش دەکرێت لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە لەسەر چۆنیەتیى گیانلەدەستدانى کرێکارەکە پێکبهێنرێت، ساڵى پاریش کرێکارێک لە هەمان پڕۆژە کەوتبووە خوارەوە گیانى لەدەستدابوو.
عوسمان زیندانى، سەرۆکى سەندیکاى بیناسازى سلێمانى بە 964ـى وت،” لەگەڵ ئاگادارکردنەوەمان لە کەوتنەخوارەوەى کرێکارێک گەیشتینە شوێنى رووداوەکە، بەڵام لەلایەن کەسێک کە خۆى بە بەڕێوەبەرى پڕۆژەکە ناساند رێگری لێکردین، ئەمەش یەکەمجارە خاوەن پڕۆژەیەک رێگریمان لێبکات”.
وەک باسى دەکات، ئەگەر خاوەن پڕۆژەکە دڵنیابوایە لە جێبەجێکردنى مەرجەکانى سەلامەتى رێگرى نەدەکرد.
عوسمان زیندانى داوا دەکات، وەزارەتى کار و لایەنە پەیوەندیدارەکان لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە لەسەر چۆنیەتىی گیانلەدەستدان و بەربوونەوەى کرێکارەکە پێکبهێنن.
لاى خۆیەوە، چالاک رەوف سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان لقی سلێمانی بۆ 964 ئاشکراى کرد کە ساڵی پاریش کرێکارێک لەو پڕۆژەیە کەوتبووە خوارەوە و گیانى لەدەستدابوو.
نیوەرۆی ئەمڕۆ کرێکارێک لە نهۆمی کۆتایى پڕۆژەی نیشتەجێبوونى پارک 77 کەوتوەتە خوارەوە و گیانی لەدەستداوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح