خەونێک کە رەنگە بێتە دی!
ئایا دواجار کریستیانۆ و مێسی پێکەوە یاریی دەکەن؟
964+
سۆما حەکیم زادە
هەردوو ئەستێرەکە خەریکە جیهانی تۆپی پێیان کۆتایی دێت، بەڵام تا ئێستا ئاواتی هاندەرانیان نەهاتووەتەدی، هەرلەیەک لە هاندەرانی ئەو دوو ئەستێرەیە ئاواتیان ئەوەیە کریستیانۆ و مێسی بەیەکەوە ببینن لە یەک تیپدا.
رۆناڵدۆی تەمەن 39 ساڵ و لیۆنێل مێسی تەمەن 37 ساڵ، بۆ ماوەی دوو دەیەیە باشترین یاریزانی تۆپی پێن، هەرلەبەر زۆرجار هاندەرانی تۆپی پێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک پێشنیارێک دەیخەنە بەردەمی یەکتر و دەڵێن، ئەگەر ئەو دوو ئەستێرەیە لە یەک تیپدا یاریی بکەن چی ڕوودەدات؟
کێبڕکێی نێوان مێسی و ڕۆناڵدۆ بۆ بەدەستهێنانی نازناوی باشترین یاریزانی هەموو سەردەمەکان بووەتە یەکێک لە گەورەترین مشتومڕەکانی جیهانی وەرزش. بە گواستنەوەی رۆناڵدۆ بۆ سعودیە و بوونی مێسی لە تیپی ئینتەر مەیامی لە خولی ئەمریکی، ئەم رکابەبەرییە وردە وردە ئاستی سەرەوەی تۆپی پێی ئەوروپا بەجێدەهێڵێت.
بەڕێوەبەرەکەی کارەکانی رۆناڵدۆ خۆرخی مێندێز پێی وایە بە ئەگەری گواستنەوەی رۆناڵدۆ بۆ ئینتەر مەیامی کۆتایییەکی “ئایدیاڵ” دەبێت بۆ ئەو دوو ئەستێرەیە، چونکە دەتوانن “بەیەکەوە ژیانی وەرزشی خۆیان تەواو بکەن”.
لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی “بۆیل سپۆرت”، مێندێز وتی: ئەگەر کریستیانۆ رۆناڵدۆ پەیوەندی بە ئینتەر مەیامیەوە بکات، ئەوە شتێکی نایاب دەبێت بۆ هاندەرانی ئەم تیپە و تەواوی تۆپی پێی ئەمریکا، مانای ئەوەیە دوو لە باشترین یاریزانەکانی مێژووی تۆپی پێ، “کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی پێکەوە ژیانی وەرزشی خۆیان تەواو دەکەن، ئەمەش خەونێکە بۆ زۆربەی هەواداران، بەڵام پێموانییە ئەوە رووبدات .