بچنە بەشی ژمێریاری
سایلۆی سلێمانی: سبەی چەکی 60 ملیار دینار دابەشدەکرێ
964+
ئەحمەد مستەفا
بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی دەڵێت، “بەشێکی تری پارەی گەنمی جوتیاران گەیشت کە بڕەکەی 60 ملیار دینارە و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت”.
نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی بە 964ی وت، “ئەو جوتیارانەی كە گەنمیان رادەستی سایلۆکان كردووە، تا پسوڵەی ژمارە 289 سبەی دووشەممە 8.7.2024 سەردانمان بکەن تا چەكی پارەكانیان وەربگرن”.
بەپێی بڕیارەکەیان، “دەبێت جوتیاران بۆ وەرگرتنی چەك و پارەکەیان، سەردانی بەشی ژمێریاریی بەرێوەبەرایەتیی سایلۆی سلێمانی بكەن”.
وەزارتی بازرگانیی حکومەتی عێراق وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستانی سنووردار کردووە، کە کۆی گشتی 700 هەزار تۆنە لە کاتێکدا بەرهەم لە سنووری یەک ملیۆن تۆنە، بەوەش گەنم تەنیا لەو جوتیارانە وەردەگیرێت کە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ناوەکانیان نێردراوە بۆ وەزارەتی بازرگانی عێراق.
ئەوە لە کاتێکدا سایلۆکان داوادەکەن، جوتیاران، سەردانی هۆبە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکانیان بکەن، بە مەبەستی هێنانی پشتگیری بۆ سایلۆکانیان، بە مەبەستی رادەستکردنی گەنمەکانیان، ئەگینا بە پێچەوانەوە گەنمیان لێ وەرناگرن.