حاسڵات

پزیشکیان بۆ گەلانی ئێران: بەتەنیا جێم مەهێڵن

964+

ژووری هەواڵ

کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى ئێران، سەرکەوتنى مەسعود پزیشکیانى لە خولى دووەمى هەڵبژاردن راگەیاند و چوار ساڵى داهاتوو کاندیدەکەى ریفۆرم خوازەکان سەرۆک کۆمارى ئێرانە. پزیشکیان لە گەڕى دووەم 16 ملیۆن و 384 هەزار و 403 دەنگى بەدەستهێناوە.

پاش بردنەوەی، پزیشکیان لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بۆ خەڵکی ئێرانی نوسیبوو: هەڵبژاردن تەواو بوو، بەڵام ئەمە سەرەتایە: سوێند دەخۆم بە شەرەفم بە تەنیا لەم رێگایە جێتان ناهێڵم، ئێوەش بەتەنیا جێم مەهێڵن.

سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەجیا پەیامی پیرۆزباییان ئاڕاستەی مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئێران کردو هەردوودا داوا دەکەن هەماهەنگی هاوکارییەکانی نێوان هەرێم و ئێران زیاد بکات.

عەلی خامنەیی رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران بەبۆنەی کۆتایی هاتنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتەوە پەیامێکی بڵاوکردەوەو وتی: داوا لە پزیشکیان دەکەم درێژەپێدەری رێگاکەی ئیبراهیم رەئیسی بێت.

دوێنێ لە کاتى داخستنى بۆرسەى دراو، 100 دۆلار بە شەش ملیۆن و 50 هەزار تمەن مامەڵەى پێوەکرا، بەڵام لەگەڵ سەرکەوتنى پزیشکیان ئەمڕۆ 100 دۆلار بە پێنج ملیۆن و 850 هەزار تمەن مامەڵەى پێوە دەکرێت، بەمەش 200 هەزار لە نرخى تمەن بەرز بووەتەوە.

میدیاکانی جیهان پاش بردنەوەی پزیشکیان نوسیویانە: چاوەڕێ ناکرێت ئەم ئەنجامە هیچ لەبەرودۆخی ئێران و دەرودراوسێی بگۆڕێت، چونکە لە ئێران سەرۆک کۆمار هەموو شتێکی بەدەست نییەو ئەوەی بڕیار دەدات رابەرە.