چۆن و له‌ چی دروست ده‌كرێت؟

له‌ بنارى قه‌ندیل ده‌ست به‌ دروستكردنى بنێشتى كوردی كرا

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ به‌شێكی گونده‌كانى بنارى قه‌ندیل ده‌ست به‌ كۆكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌م بۆ دروستكردنى بنێشتى كوردى كراوه‌، ئه‌و داره‌ى به‌رهه‌مه‌كه‌ى لێ كۆده‌كرێته‌وه‌ پێی ده‌ڵێن (داره‌به‌ن) كه‌ جگه‌ له‌ بنێشت قه‌زوانیش به‌رهه‌م ده‌هێنێت.

پرۆسه‌ى كۆكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كه‌ له‌لایه‌ن گوندنشینانه‌وه‌ سه‌ره‌تا به‌ برینداركردنى جه‌سته‌ى داره‌كه‌ له‌چه‌ندین شوێن ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ى (بنێشته‌تاڵ) له‌داره‌كه‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌، دواتر به‌ جۆره‌ قوڕێكى تایبه‌ت (شین یان سوور) گۆمى بچووك بچووك له‌ قه‌دى داره‌كه‌ دروست ده‌كه‌ن، بۆئه‌وه‌ى بنێشته‌كه‌ له‌ناو ئه‌م گۆمانه‌ كۆببێته‌وه‌، ئینجا له‌رێگه‌ى كوڵات و دڵۆاندنه‌وه‌ بنێشتى كوردى لێ دروست ده‌كرێت.

به‌پێی زانیارییه‌كانى 964 له‌ سنوورى گونده‌كانى بنارى قه‌ندیل به‌ هه‌زاران (داره‌به‌ن) هه‌ن، پێشتر له‌لایه‌ن هه‌ندێك گوندنشینانه‌وه‌ بڕیارێك درا، كه‌ داره‌به‌نه‌كانى سنوورى گونده‌كانیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندى گشتى به‌كاربهێندرێت و وه‌كو كرێى ساڵانه‌ بدرێته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ خوازیارن بنێشتى كوردى دروست بكه‌ن.

له‌ ئێستا له‌ به‌شێكى گونده‌كانى ئه‌م بناره‌ ده‌ست به‌ كۆكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كه‌ كراوه‌، له‌به‌شێكی دیكه‌شیان ئه‌مساڵ داره‌به‌نه‌كان پشوو پێده‌ده‌ن و بۆ ساڵى داهاتوو به‌رهه‌مه‌كه‌ى كۆده‌كه‌نه‌وه‌.

سامان كاسكانى، خه‌ڵكى گوندى كاسكانى بنارى قه‌ندیله‌ به‌ 964ـى وت، ئه‌مساڵ له‌ سنوورى گونده‌كه‌یان بنێشتى كوردی دروست ناكرێت، چونكه‌ به‌قسه‌ى ئه‌م ساڵانى رابردوو بنێشتێكى زۆر له‌ داره‌به‌نه‌كانى گونده‌كه‌یان دروستكراوه‌ و ده‌یانه‌وێت بۆ ساڵى داهاتوو بێت.

وتیشی “له‌ گونده‌كانى سه‌رگه‌ینه‌ڵ، سینه‌مۆك، شارۆش و سوره‌دێ هاوڵاتیان ده‌ستیان به‌ كۆكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كه‌ كردووه‌”.

به‌قسه‌ى سامان‌، ته‌نیا له‌ سنوورى گونده‌كه‌یان نزیكه‌ى 10 هه‌زار داره‌به‌ن هه‌ن و پێشبینیش ده‌كات به‌رهه‌می ساڵانه‌ی داره‌به‌نه‌كانى سنوورى بنارى قه‌ندیل به‌ گشتى دوو تۆن بینێشت بێت.

گوندێكی بنارى قه‌ندیل (داره‌به‌ن)ه‌كانى به‌كرێ ده‌...

گوندێكی بنارى قه‌ندیل (داره‌به‌ن)ه‌كانى به‌كرێ ده‌دات بۆ دروستكردنى بنێشتى كوردى

"داره‌به‌ن"ـه‌كانى بنارى قه‌ندیل بۆ به‌رژه‌وه‌ندى گشتى به‌كار ده‌هێندرێن