لە شەوی رابردووەوە وەتسئەپ لەدەست دەرچووە

Getty Images

میدیازان  – هێمن بەکر

 تۆڕی کۆمەڵایەتی وەتسئەپ لە شەوی رابردووەوە لەسەر ئاستی جیهان تێکچووە و هێشتا نەهاتووەتەوە سەرخۆی، زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس لەناو ئینتەرنێتدا سکاڵایانە لە دەستی.

سکاڵاکان هەم لەسەر ئەوەن کە تۆڕەکە وەستاوەم هەم لەسەر ئەوەش کە بەهەڵە نامەو تەلەفۆن بۆ خەڵک چووە.

 وەتسئەپ زیاتر لە دوو ملیار بەکارهێنەری هەیە، کۆمپانیای مێتا خاوەندارێتی دەکات و دەستەخوشکی فەیسبوک و ئینستاگرامە.

 بەگوێرەی ماڵپەڕی تێک کرەنچ، تایبەت بە تەکنەلۆژیا و گرفتەکانی، کێشەکە لە کاتژمێر ١٠:٢٠ی شەوی ٢٤ی تشرینی یەکەم، بە کاتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە.

 وتەبێژێک بەناوی وەتسئەپ قسەی بۆ ماڵپەڕەکە کردووە، هۆکارەکەی بۆ تێکچوونی سێرڤەرەکانیان گەڕاندووەتەوە و دەڵێت، لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی.

 ماڵپەڕی وی بێتائینفۆ، کە سەرچاوەیەکی دیکەی ناسراوی بواری تەکنەلۆژیایە، ئاشکرایکردووە، سێرڤەرەکان خۆکارن و ناتواندرێت دەستکاری بکرێن، دەبێت وەتسئەپ چاوەڕێ بکات بەپێی کات بێنەوە سەرخۆیان.میدیازان دەزانێت، بەکارهێنەرێکی زۆریش لە هەرێمی کوردستان تووشی گرفت بوونەتەوە لە بەکارهێنانی وەتسئەپ، هەندێک جار هەر لە خۆوە نامە و تەلەفۆن بۆ کەسانی بەرانبەر دەچێت.