چوار داواکاری هەیە
ناوەندی قەیرانەکان بۆ رێگرتن لە خنکان داوای زوو دامەزراندنی پۆلیسەکان دەکات
964+
ئەحمەد مستەفا
ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان ناسراو بە JCC، لیژنەکەی خۆی بۆ رێگرتن لە دیاردەی خنکانی هاوڵاتی و گەشتیاران کارا کردەوە و دەستبەجێ چوار داواکارییان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان گەیاند.
رزگار نەقشبەندی لە تیمی JCC، ئەم داواکارییە لیژنەی بۆ 964 ناردووە، کە دوای تاوتوێکرنی پلان و شوێنە مەترسی دارەکان بەفەرمی ئاڕاستەکراون:
1- پێشنیار بۆ وەزارەتی ئەوقاوف و کاروباری ئاینی کرا کە داوا لە گشت پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتەکان بکرێت لە ووتاری هەینی باسی دیاردەی خنکان بکرێت لە رووی شەرعیەوە بۆ ئەوانەی کە دەچنە شوێنە گەشتیاریەکان بۆ مەلەوانی.
2- داوا لە وەزارەتی ناوخۆ بکریت بۆ خێراکردنی دامەزراندنی پۆلیسی گەشتیاری لە شوێنە گەشتیاریەکان کە هۆکاریکە بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان و گەشتیاران.
3- داوا لە وەزارەتی پەروەدە بکرێت لە رێگای مامۆستا و وانە وەرزشیەکان قوتابیان هۆشیار بکرێنەوە لە مەترسی مەلەکردن کردن لە شوێنە رێگا پێنەدراوەکان و ناوچە گەشتیاریەکان کە شیاوی مەلەکردن نین.
4- بڵاو کردنەوەی تابلۆ و هێما ی ئاگادار کردنەوە لە مەترسیەکانی خنکان لە شوێنە گەشتیاریەکان و ئەو ناوچانەی کە مەترسی خنکانی لێدەکرێت یان ساڵانە ھاوڵاتی تیایدا دەبێتە قوربانی حاڵەتەکانی خنکان.
پۆلیسی گەشتیاری
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان 165 هەلی دامەزراندنی وەکو پۆلیسی گەشتیاری بە گرێبەست لە رۆژی 18.12.2023 راگەیاند، “کاری ئەو پۆلیسانە چاودێریکردنی شوێن و بنکە گەشتیارییەکان و چەسپاندنی یاسا دەبێت”.
دامەزراندنەکە رێکارەکانی دەستپێکراوە بەڵام، نەچەسپێندراوە، کە پشکی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری شارەکان بەم جۆرەی خوارەوە دەبێت:
گەشتوگوزاری هەولێر (30) دامەزراندن
گەشتوگوزاری سلێمانی (30) دامەزراندن
گەشتوگوزاری دهۆک (25) دامەزراندن
گەشتوگوزاری هەڵەبجە (15) دامەزراندن
گەشتوگوزاری سۆران (20) دامەزراندن
گەشتوگوزاری گەرمیان (15) دامەزراندن
گەشتوگوزاری راپەڕین (15) دامەزراندن
گەشتوگوزاری زاخۆ (15) دامەزراندن
دیاردەی خنکان
تا رۆژی شەممە 29.6.2024، لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان 40 هاوڵاتی خنکاون و بەرگریی شارستانیی هەرێم دەڵێت، پێویستە هاوڵاتیان نزیکی چەم و رووبارەکان نەبنەوە.
بەپێی ئەو ئامارەی بەرگریی شارستانیی هەرێم بە 964ـی داوە، زۆرینەی ئەوانەی خنکاون هاوڵاتیی کورد بوون.
سەرکەوت کاڕەش، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، لە ماوەی نزیکەی شەش مانگی ئەمساڵدا 40 حاڵەتی خنکان هەبووە و حاڵەتەکانیش لە سەرجەم پارێزگاکان تۆمار کراون.