لە فەلوجە

بەهۆى لێچوون لە کۆگایەکى کلۆر 75 کەس گەیەندرانە نەخۆشخانە

964+

میدیا گۆران

لە پڕۆژەیەکى ئاوى فەلوجەدا، کۆگایەکى کلۆر توشى لێچوون بوو و بەهۆیەوە 75 کەس گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و زۆربەیان توشى تەنگەنەفەسى بوون.

ئەحمەد موخلەف وتەبێژی راگەیاندنی نەخۆشخانەی فەلوجە بە 964ـی وت، بەرەبەیانى ئەمڕۆ یەکشەممە، بەهۆی لێچوونی کلۆر لە پڕۆژەیەکى ئاو 75 کەس گەیاندراونەتە نەخۆشخانە، بەشێکی زۆریان ژن و منداڵن، لە ئێستادا دۆخی تەندروستی هەموویان باش و جێگیرە.

لاى خۆیەوە وەحید مەحەمەدى، بەڕێوەبەری دیوانی سەرۆکی شارەوانی فەلوجەش دەڵێت، لە هۆکاری لێچوونی کلۆرەکەمان کۆڵیوەتەوە، دەرکەوتووە بەهۆی کێشەیەکى هونەرى  بووە، کار لەسەر ئەوەش دەکەین جارێکی تر ئەم رووداوانە دووبارە نەبنەوە.

عوسمان محەمەد یەکێکە لەو کەسانەی تووشی تەنگەنەفەسی بووە دەڵێت، ئەم بەیانییە لە گەڕەکی جوبەیلیش تووشی رووداوێکی نەخوازراوی تەنگەنەفەسی بووین، ساڵانێک لەمەوبەریش روویداوە و ئەوە یەکەم حاڵەت نییە.

” لە پڕ هەستمان بە بۆنێکی نامۆ و بەهێز کرد، منیش لەو کاتەدا خێزانەکەمم لە ناوچەکە دوورخستەوە، هەستمان بە سەختی هەناسەدان و خوران لە چاو و قوڕگدا کرد، هەمووان لە حاڵەتی ترس و دڵەڕاوکێدا بوون بۆ خێزانەکانیان”، عوسمان محەمەد واى وت.

لە ئەگەری ژەهراویبوون بە کلۆر چۆن چارەسەری خۆت دەکەیت؟

لە ئەگەری ژەهراویبوون بە کلۆر چۆن چارەسەری خۆت دەکەیت؟