لە ئەگەری ژەهراویبوون بە کلۆر چۆن چارەسەری خۆت دەکەیت؟

964+

ئەحمەد عەبدوڵا

چەند رۆژێکە بۆتڵێکی گازی کلۆر لە قەڵادزێ تەقیوە و مەترسی دروستکردووە، بەهۆیەوە پۆلیسێک گیانی بەخشیوە و گوندێکیش چۆڵکراوە، پرسیارەکە ئەوەیە ئەگەر بە کلۆر ژەهراوی بووین، چی بکەین؟

ئەگەر ژەهراویبوونەکە بەهۆی هەڵمژینی گازی کلۆرەوە بوو، دەستبەجێ شوێنەکە بەجێبهێڵە و بچۆ شوێنێک کە بتوانیت هەوای پاک هەڵبمژیت، ئەگەریش کلۆر بەر پێستت کەوتبوو، جلوبەرگەکەت دابکەنە و هەموو جەستەت بە ئاو و سابوون بشۆ.

لە کاتی سووتانەوەی چاو یان تەڵخبوونی بینین، چاوەکان بە ئاوی پاک بە باشی بشۆ و ئەگەر عەدەسە بەکار دەهێنیت بە خێرایی دەریبهێنە.

ئەگەر کەسێک کلۆری قووت دابێت، جا لە رێگای ئاوێک بێت کە کلۆری زۆر بووە یان ماددە پاککەرەوەکان، هیچ شلەمەنییەک مەخۆرەوە یان هەوڵ مەدە بە رشانەوە کلۆرەکە بە زۆر دەربهێنیت.

دوای پەیڕەوکردنی ئەم هەنگاوانە، پێش گرتنەبەری رێوشوێنی زیاتر، دەستبەجێ داوای راوێژی پزیشکی بکە، پزیشکەکان بەزۆری لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانە چارەسەری ئەو کەسانە دەکەن، کە ژەهراوی بوون بە کلۆر. هەر چەندە هیچ دژە ژەهرێک یان چارەسەرێکی راستەوخۆ نییە بۆ چارەسەرکردنی ژەهراویبوون، بەڵام بە پێدانی دەرمان یان بە شووشتنەوەی گەدە هەوڵی دەرهێنانی ئەو ژەهرە دەدەن.

لە ڤیدیۆکەدا زانیاری زیاتر لەمبارەیەوە بزانە

مەترسیەکانی تەقینی بوتڵی کلۆر چین؟

مەترسیەکانی تەقینی بوتڵی کلۆر چین؟