دواى شەش رۆژ
ئەو ژنەى لەلایەن براکەیەوە سووتێندرا گیانى لەدەست دا
964+
زەید کۆچەر- دهۆک
بەیانى ئەمڕۆ، ئەو ژنەى شەش رۆژ لەمەوبەر لە شارى دهۆک لەلایەن براکەیەوە سووتێندرا، لە نەخۆشخانە گیانى لەدەست دا.
ژنەکە ناوى (ک.ن.ت)ـە و دایکى سێ منداڵە
رۆژى سێشەممەى رابردوو 25.6.2024، گەنجێک لە گەڕەکی ماڵتای دهۆک ئەشکەنجەی خوشکە 32 ساڵەکەى دا و دواتر سووتاندویەتی، ئەمە بە وتەى هێمن سلێمان وتەبێژى پۆلیسى دهۆک کە لەو رۆژەدا قسەى بۆ 964 کردووە.
گەنجێک خوشکێکی خۆی سووتاند و دەستگیرکرا
ئەمڕۆ یەکشەممە، دکتۆر. شرین ئەنوەر بەرێوبەری نەخۆشخانەی سووتان لە دهۆک بە 964ـى وت، کاتژمێر 8:00ـى بەیانى ئەمڕۆ، ئەو ژنەى بە دەستى براکەى سووتێندرابوو، بەهۆى سەختى برینەکەیەوە گیانى لەدەست دا.
وەک ئەوەى دکتۆر. شیرین ئەنوەر ئاشکراى دەکات، 95%ـى جەستەى ژنەکە سووتا بوو.
“ژنەکە جگە لە سووتاندن بە توندترین شێوە ئەشکەنجەدراوە و برینى گەورە لەسەر جەستەى بووە”، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى سووتان واى وت.
هەرچەندە ئێستا ئەو کوڕەى تۆمەتبارە بە ئەشکەنجەدان و سووتاندنى خوشکەکەى لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە، بەلام وەک کەسوکارەکەى بۆ نەخۆشخانەکە باسیان کردووە، کوڕەکەیان نەخۆشى دەروونى هەیە و هۆشى لەسەر خۆى نییە و چارەسەر وەردەگرێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح