خانمێك لە یەكێك لە بنكەكان دەنگ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ بۆ ئێران دەدات. فۆتۆ: ئاژانسەكان
زۆرینەی دەنگەكان جیاكراونەتەوە
ئایا هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری ئێران دەچێتە گەڕی دووەم؟
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئێران رایگەیاند، تا ئێستا 47 هەزار و 604 سندوقی دەنگدان لە کۆی 58 هەزار و 640 سندوق جیاکراونەتەوە، ئەنجامەكانیش وا دەردەكەون بەربژێرەكان دەنگی یەكلاكەرەوەیان بۆ بوون بە سەرۆك كۆمار بەدەستنەهێناوە.
بە گوێرەی دوائاماری جیاكردنەوەی دەنگەكان، كە كۆمیسیۆنەكە بڵاویكردووەتەوە، ئەنجامەكان بەم جۆرەیە: مەسعود پزیشکیان، 8 ملیۆن و 302 هەزار و 577 دەنگ، سەعید جەلیلی 7 ملیۆن و 189 هەزار و 756 دەنگ، محەممەد باقر قالیباف 2 ملیۆن و 676 هەزار و 512 دەنگ، مستەفا پوورمحەممەدی 158 هەزار و 314 دەنگ.
بە گوێرەی سیستمی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لە ئێران، بەربژێری براوە لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردندا پێویستە (50+1%)ی دەنگەکان بەدەستبێنێت.
چاودێرانی هەڵبژاردنەكە وای بۆ دەچن هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نوێ دەچێتە گەڕی دووەم، ئەگەر ئەمەش بێتەپێش، هەینیی داهاتوو گەڕی دووەم دێتە ئەنجامدان.
تا ئێستاش ئەوەی دەردەكەوێت ركابەرییەكە لە نێوان دوو بەربژێری سەرۆكیدایە، ئەوانیش مەسعود پزیشكیانی بەربژێری ریفۆرمخوازەكان و سەعید جەلیل بەربژێری نەریتخوازەكان و سکرتێری پێشووتری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانە.
ئێران؛ تا کاتژمێر 11:59 خولەکى شەو کاتى دەنگدان درێژکرایەوە
14مین خولی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران، دوێنێ هەینی بەڕێوەچوو، كە دوو جار و تا 12ی شەو درێژكرایەوە، ئەوەی تێبینیی دەكرێت بەشداریی هاوڵاتیانی ئێرانی لە هەڵبژاردنەكە وەك پێویست نەبووە و لە كۆی زیاتر لە 61 ملیۆن كەس، كە مافی دەنگدانیان هەبوو، نزیكەی 24 ملیۆن كەس دەنگیان داوە.
ئەم ههڵبژاردنهى ئێران دەبوو له بههارى ساڵى 2025 ئهنجام بدرێت، بهڵام بههۆى گیانلهدهستدانى ئیبراهیم رهئیسیی سهرۆك كۆمارى ئێران و حهوت كهس له هاوەڵانى له رووداوى تێكشانى هیلیكۆپتهرهكهیان له 19.5.2024 ههڵبژاردنهكه پێش خرا.