هاوڵاتییەکى ئێرانى لە کاتى دەنگداندا...وێنە: تەسنیم
پزیشكیان لە پێشەوەیە
ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی ئێران دەركەوتن
ئەرسەلان عەبدوڵا
میدیای فەرمیی ئێران ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لە ئێران بڵاوكردەوە، تا ئێستا مەسعود پزیشكیانی ریفۆرمخواز لە پێشەوەیە.
دوائەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، كاتژمێر 8:20 خولەكی ئەم بەیانییە بڵاوكرایەوە، كە تێیدا هاتووە.
جیاكردنەوەی دەنگەكان لە 37 هەزار و 24 بنكەی هەڵبژاردن لە 408 شار و ناوچە، 14 ملیۆن و 70 هەزار و 462 دەنگ جیاكراونەتەوە.
ئەنجامەكان بەم شێوەیەیە تا ئێستا:
مەسعود پزیشكیان 5 ملیۆن و 955 هەزار و 781 دەنگ
سەعید جەلیلی 5 ملیۆن و 560 هەزار و 321 دەنگ
محەمەد بافر قالیباف 1 ملیۆن و 891 هەزار و 385 دەنگ
مستەفا پوورمحەمەدی 111 هەزار و 967 دەنگ
دوێنێ هەینی هەڵبژاردنی سەرۆكی كۆمار لە ئێران بەڕێوەچوو، كە بۆ دوو جار و تا كاتژمێر 12ی شەو درێژكرایەوە.
دوای کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم رەئیسیی سەرۆک کۆماری کۆچکردووی ئێران و هاوەڵەکانی لە سنووری پارێزگای تەورێز لە 19.5.2024، ئەمە سێیەمین هەڵبژاردنی پێشوەختەیە لە ئێران دەکرێت و بە گوێرەی داتاکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئێران زیاتر لە 61 ملیۆن کەس لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان مافی دەنگدانیان هەبووە، بەڵام ئەو دەنگدانەی تا ئێستا جیاکراوەتەوە و ئەنجامی بەرایی لەسەر راگەیەندراوە تەنیا نزیکەی %20 کۆی دەنگدەرانە، لە کاتێکدا هێشتا ئاشکرا نەکراوە رێژەی دەنگدان چەند لە سەد بووە.