
+964
ئەمڕۆ کۆماری کوردستان لەدایک دەبێت
+964
هێرۆ مەولودی
ئەمڕۆ ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستانە لە شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان، تێیدا قازی محەمەد سوێندی یاسایی خوارد وەکو سەرۆک کۆمار.
ئەو کۆمارە تەنیا نزیکەی 11 مانگ تەمەنی هەبوو، دواتر حکومەتی پاشایەتی ئێران بە هاوکاری هاوپەیمانەکانی رووخاندیان و قازی محەمەدیان لەسێدارە دا.
ئێستا کە 77 ساڵ تێپەڕیوە، هێشتا شاری مەهاباد خوێنی لێ دەتکێ، ئەوانیش بەشێک بوون لەو خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەی نزیکەی پێنج مانگە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکردووە بەهۆی کوژرانی ژینا ئەمینی.
تەنیا لەو چوار مانگەی رابردوو، لە سەرجەم شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە 100 کەس کوژراون.
سامان راستی، هاوڵاتیەکی کوردی رۆژهەلاتی کوردستان و دانیشتوی مەهابادە، بۆ یادی کۆماری کوردستان بە تۆڕی 964ی وت “یادەکەی ئەمساڵ زۆر جیاوازە و پێداگرین لەسەر ئامانجەکەمان و تێدەکۆشین لە خەبات بۆ ئەوەی جارێکی تر ئاڵای کوردستان لە مەهاباد هەڵبکەینەوە”.
سامان تەمەنی 32 ساڵە و وەک خۆی باسیکرد، کۆماری کوردستان لە تەمەنی ئەو نەبووە، بەڵام تێدەگەن لەوەی ئازادیی چەندە بە بایەخە و بۆی تێدەکۆشن.
حزبی دیموکراتی کوردستان وەک یەکەمین حزبی کوردستان، پێشڕەوی کۆماری کوردستان بوو، لەوبارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت “قۆڵی هیممەت هەڵماڵن، بۆ یادی کۆماری کوردستان بڕۆنە سەر شەقام و چالاکی ئەنجام بدەن”.
رەسوڵ بەهرامی دانیشتوی بۆکان، لەبارەی ئەنجامدانی چالاکی لەم رۆژەدا، بە تۆڕی 964ی وت “ئەمڕۆ ئاڵای کوردستان لە سەر چەند چیایەک هەڵکراوە و بە دانانی گوڵ لە سەر گڵکۆی شەهیدان، بە تایبەت شەهیدانی شۆڕشی ژینا، یادی کۆماری کوردستان دەکەینەوە”.