
وێنەکان لەبەرگری شارستانی وەرگیراون
لە چوارقوڕنە ئاگر ژنێکی کوشت
964+
مەجید بتوێنی – راپەڕین
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، لە ناحیەی چوارقوڕنە سەر بە ئیدارەی راپەڕین ئاگر لە ماڵێک کەوتەوە و بەهۆیەوە ژنێک گیانی لەدەستدا و بەشێکی زۆری ماڵەکەش سووتا.
عەلی قادر وتەبێژی بەرگری شارستانی راپەرین بە 964+ی راگەیاند، رووداوەکە بەهۆی توانەوەی پلاکی هیتەری کارەباوە بووە و ژنەکە دووگیان بووە، مێردەکەی لە ماڵ نەبووە و پیشەی پێشمەرگەیە.
ئاگرەکە کاتژمێر 7:52 خولەکی بەیانی لە گەڕەکی ئۆردوگای چوارقوڕنە کەوتووەتەوە و ژنەکە تەمەنی 25 ساڵ بووە.
“ژنەکە تەمەنی 25 ساڵان بووە و دووگیان بووە، لە تەنیشت خۆیەوە هیتەرەکەی داناوە تا خۆی گەرم بکاتەوە،” عەلی قادر وتەبێژی بەرگری شارستانی راپەرین وای وت.
دوو رۆژ پێش ئێستا لە هەمان شارۆچکەی ئیدارەی راپەڕین، بەهۆی لێچوونی غازەوە ماڵێکی تر سووتا، ئەمەش دەبێتە چوارەم رووداوی ئاگرکەوتنەوە لەماوەی 22 رۆژدا لە دەڤەری راپەڕین.