توشى هیلاکى و زەحمەتى بوون
“ئەوانەى بە ڤیزاى ساڵى حەجیان کردووە پەشیمانن”
964+
شۆرش عەبدوڵا – هەولێر
وتەبێژى بەڕێوەبەرایەتى حەج و عومرەى هەرێمى کوردستان دەڵێت، بەرزى رێژەى مردن لە ناو حاجیاندا بەشێکى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خەڵکانێکى زۆر بە ڤیزاى ساڵى سەردانى سعودیەیان کردبوو و بێبەشبوون لە پاکێجە خزمەتگوزارییەکان.
تائێستا 26 حاجى هەرێمى کوردستان لە سعودیە مردوون کە 25 یان بە ڤیزاى ساڵى چوون، دوێنێش لە کاتى گەڕانەوەیاندا ئۆتۆمبیلێکى حاجیان لە روومادى وەرگەڕا و چوار حاجى کە بە ڤیزاى ساڵى گەشتى سعودیەیان کردبوو، گیانیان لەدەستدا
کاروان ستوونى، وتەبێژى حەج و عومرەى هەرێم بە 964ـى وت،”سەرەتا زۆرمان هاوارکرد کە خەڵک بە رێگەى ڤیزەى ساڵى نەچێت بۆ حەج، بەڵام گوێیان لێنەگرتین و دواى بینینى دۆخەکە ئێستا پێمان دەڵێن قسەکانى ئێوە راستبووە و پەشیمانین”.
ئەو پێى وایە، بەرزى رێژەى مرد چەند هۆکارێکى لەپشتە، پلەى گەرمى وڵاتى سعودیە و بێبەشبوونى حاجیان (ئەوانەى بە ڤیزاى ساڵى چوونى) لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، هۆکارى سەرەکى گیانلەدەستدانى حاجیان بووە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح