کەیسیان بۆ دەکرێتەوە

96 منداڵی ئیشکەر لە سلێمانی تۆمار کراون

964+

پێشەوا محەمەد

لە سلێمانی 96 منداڵی ئیشکەر لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ تۆمار کراون، چاودێریی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی دەڵێت، کارکردنی ئەو منداڵانەیان کردووە بە کەیس و کاری بۆ دەکەن.

لیژنەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە 745 سەردانی بۆ فولکە و شوێنە گشتییەکان کردووە و  59 سەردانیش بۆ ئەو شوێنانە کراوە گومان کراوە منداڵی خوار 18 ساڵ کاری تێدا بکات.

منداڵە ئیشکەرەکان 45ـیان هی ناوخۆ بوون، 19ـیان ئاوارە بوون، حەوت منداڵیان کۆچەری بوون و 25ـیان منداڵی پەنابەری سووری بوون.

هێمن محەمەد نەجم، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، ئەو 96 منداڵە فۆڕمیان بۆ پڕدەکرێتەوە، دواتر سەردانی خێزانەکانیان دەکرێت و ئەوەی بزاندرێت باری داراییان خراپە دەدرێنە منداڵپارێز و هاوکاریی داراییان بۆ دەبڕدرێتەوە بەو مەرجەی منداڵەکە نەنێرنەوە سەر شەقام  و ئیشی پێ نەکەنەوە.

وتیشی، “هەروەها کێشەی خوێندنی منداڵەکان چارەسەر دەکرێت و دەخرێنەوە بەر خوێندن”.

ساڵی رابردوو بەڕێوەبەرایەتییەکە 505 منداڵی ئیشکەری لەناو سلێمانی تۆمار کردبوو، زانیاریی بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاشکرای دەکات، رێژەکە لە کەمبوونەوەدایە.

“ئەو خێزانانەی دووبارە منداڵەکانیان بنێرنەوە سەر شەقام بۆ ئیشکردن و پێویستیان نەبێت و منداڵەکان بەکاربهێنن، لە قایمقامیەتی سلێمانی ئیجرائاتی تووندیان لەگەڵ دەکرێت تا رەوانەکردنەوەیان بۆ شوێنی خۆیان”، هێمن محەمەد نەجم وای وت.

چاودێریی زیاتری رەوشی منداڵانی کوردستان دەکرێت

چاودێریی زیاتری رەوشی منداڵانی کوردستان دەکرێت