پۆلیسی هاتوچۆی سۆران
بۆ ئاسوودەیی هاوڵاتییان و گەشتیاران جەژنیان لەگەڵ ماڵ و منداڵیان نەكرد
964+
ئاكام غەفور – سۆران
پۆلیسی هاتوچۆی سۆران بەهۆی سەردانی گەشتیاران و هاوڵاتییان بۆ ناوچە گەشتیارییەكانی سنووری ئیدارەی سۆران، تەواوی رۆژانی جەژن لە ئەرك و ئێشكگریدابوون، ئەوان كارەكە بە گەورە و خزمەتكردن دەزانن، بەڵام گلەییان لە هەندێك لە شۆفێرانیش هەیە.
پەیامنێری 964 ژمارەیەك لە كارمەندانی پۆلیسی هاتوچۆی سۆرانی بەسەركردەوە، ئەوان دووپاتیانكردەوە بۆ خزمەتی هاوڵاتییان و گەشتیاران ئەركی خۆیان جێبەجێ دەكەن.
پۆلیسەكان سەرەڕای فشاری زۆری رێگاكانی ناوچەكە و گەرمای بەتین، بەڵام تەواوی رۆژانی جەژن لە دەوام بوون.
هەندێك لەوان گلەییان لە هەندێك لە شۆفێران هەیە، چونكە پابەندی رێنماییەكانی هاتوچۆ نابن و دەبنە هۆی دروستكردنی ئاستەنگی لە رێگاكاندا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەیانە رای وایە كە زۆرینەی شۆفێران پابەند و بەشێكی كەمیان گوێ بە رێنماییەكان نادەن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا