چاکسازی گەورانی هەولێر - وێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاکسازییەکان.
کاتی مۆڵەتیان بووە
19 زیندانی جەژن لە ماڵەوە دەکەن
964+
پێشەوا محەمەد
بۆ ئەم جەژنە 19 سزادراوی چاکسازییەکان مۆڵەتی کاتییان پێدراوە و لە ناو خێزانەکانیان جەژن دەکەن.
بە پێی رێنمایی ژمارە 2ـی ساڵی 2017ـی تایبەت بە مۆڵەتی سزادراوان لە فەرمانگەکانی چاکسازی هەرێمی کوردستان، مۆڵەتی کاتیی سێ مانگ جارێک دەبێت و هەرجارێک پێنج رۆژ دەبێت جگە لە رۆژانی دەرچوون و هاتنەوە.
بە پێی رێنماییەکە، هەر بەندکراوێک بۆ کاتی مۆڵەت وەرگرتن دەبێت 25 ملیۆن دینار بە بارمتە دابنێت یان خانووێک بخاتە رەهنەوە.
ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی 964ـی راگەیاند، 19 زیندانی بۆ جەژنی قوربان کاتی مۆڵەتیان بووە و وەریانگرتووە و چوونەتەوە ناو خێزانەکانیان.
وتیشی، “ئەو مۆڵەتە ئەو کەسانە ناگرێتەوە، کە بە تۆمەتی کوشتن و تیرۆر لە چاکسازیدان، یان حوکمی سێدارەیان هەیە”.
زانیاریی بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاشکرای دەکات، ئەو مۆڵەتانە هی چاکسازییەکانی هەولێر و سلێمانین و هی چاکسازیی دهۆکی تێدا نییە، “کاتی مۆڵەتی هیچ زیندانییەک نەبووە لە دهۆک”.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە پێنج هەزار سزادراو لە شەش چاکسازیدان.