485 ساڵ پێش ئێستا دروست کراوە

مزگەوتی ئابڵاخ دەخرێتەوە سەر شێوازە کۆنەکەی خۆی

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

شوێنەواری سلێمانی سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی ئابڵاخە لە شاری سلێمانی و پڕۆژەکە بریتییە لە گەڕاندنەوەی شێوازە کەلەپووری و شوێنەوارییە کۆنەکەی بۆ مزگەوتەکە.

بەپێی زانیارییەکانی شوێنەواری سلێمانی، مزگەوتەکە کە دەکەوێتە گەڕەکی ئابڵاخی سلێمانییەوە ساڵی 1539 دروستکراوە، بەڵام بەهۆی نۆژەنکردنەوە بەردەوامەکانی، شێوازە شوێنەوارییەکەی لە دەست داوە.

حسێن حەمەغەریب، بەڕێوەبەری شوێنەواری سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، پێشتر کە مزگەوتەکە چەند جارێک نۆژەن کراوەتەوە بیر لە لایەنە شوێنەوارییەکەی نەکراوەتەوە و هەموو سیمایەکی کۆنی مزگەوتەکە لەناوبرابوو.

وتیشی، “پڕۆژەکەی ئێمە بۆ دووبارە نۆژەنکردنەوە و بوونیاتنانەوەی مزگەوتەکەیە لەسەر هەمان شێواز و ستایلە کۆنەکەی و بەخشینی رووکارە شوێنەوارییەکەی”.

بە گوێرەی بڕگەی حەوتی مادەی یەکی یاسای ژمارە 5ى ساڵی 2021ى پەرلەمانی کوردستان، کە تایبەتە بە بەڕێوەبردن و پاراستنی شوێنەوار و کەلەپوور لە هەرێمی کوردستان، هەر شوێنێک مێژووەکەی لە 200 ساڵ کەمتر نەبێت دەبێتە شوێنەوار.

بەوپێیە هەریەکە لە مزگەوتی ئابڵاخ و مزگەوتی گەورەی سلێمانی، کە لە ساڵی 1785 دروستکراوە بوونەتە دوو مزگەوتی شوێنەوار لەناو شاری سلێمانیدا، بە وتەی بەڕێوەبەری شوێنەواری سلێمانی، دروستکردنی ئەو مزگەوتە لەو بەرواوەرەدا دەیسەلمێنێت سلێمانی بەر لەو وادەیەی باسی دەکرێت ئاوەدان بووە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

بۆ ئەم جەژنەش مزگەوتى گەورە ناکرێتەوە

بۆ ئەم جەژنەش مزگەوتى گەورە ناکرێتەوە