دیمه‌نێ ئاژه‌ڵدارێك له كوێستانه‌كانى قه‌زاى چۆمان... وێنه: 964+
وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ دایناوه
ئه‌وانه‌ى بۆ جه‌ژنى قوربان ئاژه‌ڵ سه‌رده‌بڕن پێویسته پابه‌ندی 13 رێنمایی بن
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی هه‌رێم، چه‌ند رێنماییه‌كى بۆ ئه‌و كه‌سانه داناوه كه له جه‌ژنى قورباندا سه‌رى ئاژه‌ڵ ده‌بڕن و پێویسته پابه‌ندی بن، یه‌كێك له‌و رێنمایی و رێكارانه ئه‌وه‌یه كه پێویسته لانیكه‌م 12 كاتژمێر گۆشتى ئاژه‌ڵه‌كه له‌ناو ساردكه‌ره‌وه هه‌ڵبگیرێت، ئینجا به‌كاربهێندرێت.
– پێویسته ئاژه‌ڵه‌كان له سه‌ربڕخانه‌ی فه‌رمی سه‌رببڕێن.
– له رۆژانی جه‌ژنی قوربان سه‌ربڕخانه‌كان كراوه بن به ئاماده‌بونی پزیشك و كارمه‌ندی ڤێتێرنه‌ری .
– ناوی سه‌ربڕخانه كراوه‌كان و كاتی كاركردن له میدیاكان و یه‌كه ئیداریه‌كان رابگه‌یه‌نرێت بۆ ئه‌وه‌ی هاوڵاتیان ئاگاداربن و ئاژه‌ڵه‌كانیان له‌م سه‌ربڕخانانه سه‌رببڕن.
– جه‌ختكردنه‌وه و توند و تۆڵكردنه‌وه‌ی رێكاره‌كانی پشكنینی پێش سه‌ربڕین و دوای سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ و پشكنینی گۆشتی به‌رهه‌م هاتوو.
– په‌یڕه‌وكردنی رێنماییه‌كانی خۆپارێزی وه پاك و خاوێن ڕاگرتنی سه‌ربڕخانه‌كان و ده‌وروبه‌ری سه‌ربڕخانه‌كان وه رشاندنیان به ده‌رمانی تایبه‌ت .
– پێویسته ئاژه‌ڵه‌كه ساغ بێت و هیچ نیشانه‌یه‌كی نه‌خۆشی نه‌بێت و گه‌نه (قڕنه) و مشه‌خۆری ده‌ره‌كی له‌سه‌ر نه‌بێت .
– هه‌ر ئاژه‌ڵێك ده‌رمانی چاره‌سه‌ركردنی پێدرابێت نابێت راسته‌وخۆ سه‌رببڕدرێت به‌ڵكو پێویسته كاتی سه‌ربڕین و دوای به‌كارهێنانی ده‌رمان به پێی رێنمایی پزیشكی ڤێتێرنه‌ری و تایبه‌تمه‌ندی ده‌رمانه‌كه بێت.
– پێویسته له‌سه‌ر خاوه‌ن ئاژه‌ڵ پێش فرۆشتنی ئاژه‌ڵه‌كانی (بۆ سه‌ربڕین یان قوربانیكردن) به ماوه‌ی نزیكه‌ی سێ هه‌فته هیچ جۆره ده‌رمانێك نه‌دات به ئاژه‌ڵه‌كان و هۆڵی به‌خێوكردنی ئاژه‌ڵه‌كان به‌ده‌رمانی تایبه‌ت بڕشێنێت و چاره‌سه‌ری ئاژه‌ڵه نه‌خۆشه‌كانیشی بكات .
– پێویسته له‌سه‌ر كه‌سی قوربانیكه‌ر (قه‌صاب و هاوڵاتی) به گرتنه‌به‌ری گشت رێكاره‌كانی خۆپارێزی و پاك و خاوێنی له‌كاتی سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ و گۆشت ئاماده‌كردن ، به‌تایبه‌تی به‌كارهێنانی ده‌ستكێش جزمه‌و صدریه .. هتد، دوركه‌وتنه‌وه له كۆبونه‌وه له‌ده‌وروبه‌ری ئاژه‌ڵ له‌كاتی سه‌ربڕین، هه‌روه‌ها شوشتن و ته‌عقیمكردنی شوێنی سه‌ربڕین، ده‌ست و كه‌لوپه‌له‌كان دوای به‌كارهێنان و ده‌ستدان له گۆشت.
– به‌كارهێنانی كیسی (نایلۆن) ی نوێ و رون و بێڕه‌نگ له‌كاتی دابه‌شكردنی گۆشت.
– له‌كاتی گواستنه‌وه‌ی گۆشت ره‌چاوی پله‌ی گه‌رمی گونجاو بكرێت.
– هه‌ڵگرتنی گۆشت بۆ ماوه‌ی 12 تاوه‌كو 24 كاتژمێر له‌ساردكه‌ره‌وه، پاشان به‌كاربهێنرێت.
– فڕێنه‌دانی پاشماوه‌ی سه‌ربڕین و ئاژه‌ڵ له سه‌ر شه‌قام و كۆڵان و بازاڕه‌كان ……..هتد.