دەستگیرکردنى تۆمەتبارێک کە لە رێگەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڕەشەى لە خەڵک دەکرد...
بە زیاتر لە 30 ئەکاونت هەڕەشەى کردووە
ئاسایش ئەو کەسەى دەستگیرکرد کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پارەى لە خەڵک دەکێشایەوە
ئاکام غەفور- سۆران
ئەو کەسەى لە رێگەى 11 جیمەیڵ و شەش ئەکاونتى ئێکس و چوار ئەکاونتى سناپ و سێ تێلێگرام و چوار ئینستاگرام و سێ فەیسبوک و ژمارەیەک ئەکاونتى تیکتۆکەوە، هەڕەشەى لەخەڵک دەکرد و پارەى لێدەکێشانەوە، دەستگیرکرا.
سەرچاوەیەک لە ئاسایشى خەلیفان بە 964ـى وت، بەشى ئاسایشى خەلیفانى سەر بە بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشى سۆران، تۆمەتبارێکى دەستگیرکردووە کە لە رێگەى هەڕەشە و ناوزڕاندن و بڵاوکردنەوەى وێنە و ڤیدیۆى تایبەت، پارەى لە خەڵک کێشاوەتەوە.
ئەو سەرچاوەیە باسى لەوەکرد، تۆمەتبار بە هاوکارى چەند کەسێک لە دەرەوەى وڵات، ژمارەیەک ئەکاونى بەڕێوەبردووە و لە رێگەى ئەوانەوە هەڕەشەى لە خەڵک کردووە و پارە و کارتى کۆڕەک و ئاسیاى لێ وەرگرتووە.
تۆمەتبار بۆ کارەکەى 11 جیمێڵ و شەش تویتەر و چوار سناپ و سێ تێلگرام و چوار ئینستا گرام و سێ فەیسبوک و ژمارەیەک ئەکاونتى تیکتۆى بەکارهێناوە.
تۆمەتبار بە پێى مادەى 2ـى خراپ بەکارهێنانى ئامێرەکانى پەیوەندیکردن راگیراوە و پەڕاوى لێکۆڵینەوەى بۆکراوەتەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاشکراى کرد، لە 2024دا، پێنج کەسیان لەسەر هەمان بابەت دەستگیرکردووە.
هەرچەندە ئەو تۆمەتبارە لە 2.6.2024 دەستگیرکراوە، بەڵام بۆ یەکەمجارە لە رێگەى 964ـەوە رادەگەیەنرێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح