بەڵێ ئێمەش هەڵەبووین.. داوای لێبووردن دەکەین

ژووری هەواڵ

ئەمڕۆ ژووری هەواڵی 964 هەڵەیەکی بەسەردا تێپەڕی، هەرچەندە لە ماوەی 10 خولەکدا زانیارییەکەمان راست کردەوە، بەڵام ئەمە هیچ لەو راستییە کەم ناکاتەوە کە ئێمە هەڵە بووین و زانیاری هەڵەمان داوە بە وەرگرەکانمان، بۆیە داوای لێبوردن دەکەین.

کاتژمێر 9:27 خولەکی ئەم بەیانییە زانیاری هات کە یەکێکی دیکە لە بریندارانی رووداوی تەقەکردنەکەی دوێنێی هەولێر گیانی لەدەستداوە، زوو هەواڵەکەمان بڵاوکردەوە، لەگەڵ ئێمەدا زۆربەی هەرە زۆری دەزگا میدیاییەکان هەمان زانیارییان بڵاوکردەوە.

سەرچاوەی زانیارییەکەمان گروپی رۆژنامەنووسان و هەندێ لەو دۆستانە بوون کە پێشتر بۆ وەرگرتنی زانیاری پشتمان پێ بەستوون، بەڵام دەرکەوت ئەو زانیارییە وانییە و بە هەڵە دەماودەمی کردووە.

لە ماوەی 10 خولەکدا شۆڕش عەبدوڵا پەیامنێری 964 لەهەولێر بە زانیاری دروست و بەڵگەوە بۆی ساغکردینەوە کە ”هیچ بریندارێکی دیکەی شەڕە تەقەکەی هەولێر گیانی لەدەست نەداوە”، دەم و دەست زانیارییە هەڵەکەی خۆمان راست کردەوەو ئەم زانیارییە نوێیەمان بڵاوکردەوە.

بەناوی ژووری هەواڵی 964ەوە داوای لێبوردن لە وەرگرانمان دەکەین کە بەبێ دڵنیابوونەوەی تەواو زانیارییەکی هەڵەمان بڵاوکردەوە، بێگومان ئەم هەڵەیە دەبێتە پەند بۆ ئەوەی وردتر لە زانیارییەکان دڵنیا ببینەوە.

لای ئێمە متمانەی وەرگرەکانمان لە پێش هەموو شتێکەوەیە.

چی روویدابوو؟
ئێوارەی دوێنێ دووشەممە 10.06.2024 لە گەڕەکی هەولێری نوێ لە هەولێر شەڕە تەقە لەنێوان دوو دەستە کەس روویداو بەهۆیەوە سێ کەس کوژران و چوار کەسی دیکە برینداربوون، شەیەتحاڵەکان دەڵێن لەسەر کێشەی زەوی و زار بووە.