کەشتییە برنجەکە گەیشت

+964

فەهمی نەبی -هەولێر

وەزارەتی بازرگانیی عێراق وێنەی ئەو کەشتییەی بڵاوکردەوە، کە 43 هه‌زار تۆن برنجی بارکردووە، ئەو برنجە لە ئەمریکاوە هاتووە و بڕیارە لە رێگه‌ی بریکارەکانی خۆراک، وەک بەشە خۆراکی مانگانەی بایەعی دابەش بکرێت.

کەشتییەکە ناوی MV Annegrite-ە و 43 هەزار تۆن برنجی هەڵگرتووە، برنجەکە فەلە، واتا لە کیس نەنراوە، به‌ڵام وەک لە هەواڵەکەی ماڵپەڕی وەزارەتی بازرگانیدا هاتووە، جۆرەکەی باشە.

لە وێنەکان چەند کارمەندێکی تاقیگەی پشکنەری خۆراک دەردەکەون، لەسەر کەشتییەکە خەریکی وەرگرتنی نموونەی برنجە ئەمریکییەکەن، بە مەبەستی پشکنین.

ئێستا نموونەی برنجەکە نێردراوە بۆ تاقیگە بە مەبەستی پشکنین، بۆ دڵنیایی لە کوالێتیەکەی.

لومەی هاشم موسەوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای خۆراک، بە ماڵپەڕی وەزارەتی بازرگانیی عێراقی وتووە، دوای دەرچوونی برنجەکە لە پشکنین، بەسەر بریکارەکانی خۆراک لە پارێزگاکانی عێراق، لە چوارچێوەی سەبەتەی خۆراکی مانگانە دابەش دەکرێت.

تۆڕی964 زانیویەتی، پشکی هەرێم بۆ بەشەخۆراکی مانگانە 315 هەزار فەردە برنجی 59 کیلۆییە، لە ماوەی ساڵی رابردوو، 10 بەشە خۆراکی مانگانە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش کراوە.