لە دهۆک
هاوڵاتییهک له لایهن دوو هاوڕێی خۆیهوه بریندار كرا
964+
زەید کۆچەر-دهۆک
کاتژمێر 9:30 ئەمشەو لە سەنتەری شاری دهۆک لە گەڕەکی ماڵتا لەلایەن دوو کەسەوە تەقە لە کەسێک کراوە و لە ناو ئۆتۆمبیلەکەی خۆیدا بریندار کراوە.
کەسەکە ناوی “م.م”ە و تەمەنی 32 ساڵە، لە نێوان خۆی و هاورێیەکانی ناکۆکییان هەبووە و ئەمڕۆ تەقەی لێکراوە لەلایەن دوو هاورێیەوە و دواتر هەلهاتوون.
محەمەد دهۆکی، کەسوکاری بریندارەکە لە نەخۆشخانە بۆ 964 قسەی کرد و وتی، ئامۆزاکەم لە ناو ئۆتۆمبێل لەلایەن دوو هاوڕێی خۆیەوە بە فیشەک بریندار کراوە، خۆمانیش نازانین بە هۆی چییە، بەڵام ئاگادارین کێشەیان لەسەر مامەڵەی پارە هەبووە و ئەمڕۆ لەسەر ئەم بابەتە تەقەیان لێ کردووە، سوپاس بۆ خوا سەلامەتە و تەنیا دوو فیشەک بەر قاچی کەوتووە و تەندروستی باشە.
هێمن سلێمان، وتەبیژی پۆلیسی دهۆک بە 964ی وت، ئەمشەو کاتژمێر 9:30 لە نزیک نەخۆشخانەی ڤینی تایبەت لە دهۆک تەقە لە گەنجیکی تەمەن 32 ساڵی کراوە و بریندار کراوە لەلایەن دوو کەس، کە پێشتر ناکۆکیان هەبووە و دواتر هەڵهاتوون، فەرمانی دەستبەسەرکردنییان بۆ دەرچووە و ناسنامەی هەردوو تاوانباریش دەستنیشان کراوە و لێگەڕان بەدوایاندا بەردەوامە، دۆخی تەندروستی بریندارەکەش باشە و ئێستا لە نەخۆشخانەیە .
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا