لە مانگێکدا چوار هاوڵاتى خنکاون

ئیدارەی سۆران نایەوێ چیتر گەشتیار لە سنوورەکەی بخنکێت

964+

ئاکام غەفور- سۆران

خنکانى چوار گەشتیار لە کەمتر لە مانگێکدا، بەرپرسانى ئیدارەى سەربەخۆى سۆرانى ناچار بە کۆبوونەوەیەک کرد کە تێیدا بڕیار بدەن بە داخستنى ئەو شوێنانەى مەرج و سەلامەتیان تێدا نییە.

ئەمڕۆ یەکشەمە 9.6.2024، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سەرپەرشتیاری ئیدارە و بەڕێوبەری بەرگری شارستانی و گەشتوگوزاری سۆران بە ئامادەبوونی تەواوی یەکە ئیداریەکانی سۆران، کۆبونەوەیەکی بە پەلەیان ئەنجامدا، مەبەست لە کۆبونەوەکە رێگری کردن بوو لە کەم کردنەوەی حاڵەتەکانى خنکان.

964 964 دەزانێت، لە کۆبوونەوەکەدا بریاردراوە بە پێکهێنانى لیژنەیەک لە گەشتوگوزاری سۆران و بەرگری شارستانی، سەردانی تەواوی شوێنە گەشتیارییەکانی سنوورەکە دەکەن و لەبارەى مەرج و رێکارەکانى سەلامەتى بەدواداچوون دەکەن.

بەرگری شارستانی 28 مەرج و رێنمایی دیاری کردوە بۆ شوێنە گەشتیارییەکان، کە مەرجی لە پێشینە،هەڵواسینی تابلۆ و تەلبەند کردنی سەر رووبارەکان و رێکخستنەوەی شوێنە گەشتیارییەکانە.

هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە 964ـی وت،”ئیدارەی سۆران شوێنێکی گەشتیارییە، ساڵانە لە کوردستان و عێراق خەڵک سەردانی دەکات، بەڵام نەشارەزای گەشتیار رووداوی نەخوازراوی لێدەکەوێتەوە و دەمانەوێت رێگری بکەین لەو روداوانە”.

جەختیشى کردەوە، لە رێگای ئەو لیژنەیەى پێکهێنراوە سەردانی تەواوی شوێنە گەشتیارییەکانی سۆران دەکەن، هەر شوێنێک مەرجی سەلامەتی تێدا نەبێت “راستەوخۆ دایدەخەین”.

“هەر سەیرانگایەک پابەند نەبێت یەکسەر دایدەخەین، تەنانەت ئەگەر یەک شوێنى گەشتیاریش نەمێنێتەوە، چونکە گیانى هاوڵاتیان و گەشتیارانمان لەلا گرنگترە”، سەرپەرشتیارى ئیدارەى سەربەخۆى سۆران واى بە 964 وت.

ساڵی رابردوو لە سنووری سۆران نۆ هاوڵاتی و گەشتیار لە روبارەکانى سنوورەکە خنکاون، ئەمساڵیش لە کەمتر لە مانگێکدا چوار گەشتیار خنکاون و گەشتیارێکیش تاکو ئێستا بێ سۆراغە کە گومان دەکرێت خنکابێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

لە سۆران دوو تیمی فریاگوزاری بۆ حاڵەتەکانی خنکان دیاری...

لە سۆران دوو تیمی فریاگوزاری بۆ حاڵەتەکانی خنکان دیاریکران