ئیدارەی پارکەکە برژاندنی گۆشتی لە هەواری شار قەدەغە کردووە _ گرافیکی 964
وەڵامى پرسیاری خەڵک دەداتەوە
بەڕێوەبەرەکەی: دانانی مقەڵی و لێدانی تکە لە هەواری شار قەدەغەیە
ئەحمەد مستەفا
بەڕێوەبەری پارکی هەواری شار لە سلێمانی دەڵێت، “دانانی مقەڵی و لێدانی گۆشت قەدەغەیە، لە سبەینێ وە داوا لە سکویریتییەکان دەکەم هەموو ئەو ماڵانە ئاگاداربکەنەوە، کە بۆ کەشێکی خۆش دێنە پارکەکە، گۆشتی تێدا نەبرژێنن”.
ژمارەیەک هاوڵاتی لە سۆشیال میدیا و پەیجە ناوخۆییەکانی سلێمانی، ژمارەیەک پرسیاریان ئاڕاستەی ئیدارەی پارکی هەواری شار کردووە، لایان سەیر بووە، چۆن رێگە دراوە بە دانانی مقەڵی گۆشت براژاندن؟، هەروەها بۆچی توالێتەکانی پارکەکە کراون بە پارە؟ وە سەگی بێلانەی زۆر تێدایە؟.
لە پارکی هەواری شار و بە گوێرەی بڕیاری ئیدارەی پارکەکە، (دانانی نێرگەلە، مقەڵی “سەرجەم هۆکارەکانی ئاگر”، خواردنەوە کحولییەکان، رشتنی چەرەسات) بەهەمووشێوەیەک قەدەغەیە.
ئەمڕۆ شەممە 8.6.2024، فەرەیدوون عومەر، بەڕێوەبەری پارکی هەواری شار بە 964ی وت، “پرسیاری ئەو هاوڵاتیانە لە جێگەی خۆیەتی، هەرچەندە دەزانین خەڵک هەن لەگەڵ ئەوەن لەناو پارکەکە گۆشت ببرژێنن، بەڵام ئەمە قەدەغە و لە زیانی سروشتی پارکەکە، لە سبەینێوە سکویرتییەکان ئاگادار دەکرێن، چاویان لەسەر ئەوە تیژتر بکەنەوە”.
ئیدارەی پارکەکە جگە لە سووتانی دار و زیان گەیاندن پێی، هیچ یاسا و رێنماییەک نییە، سزای هاوڵاتی یان خێزانێکی پێ بدات لە کاتێکدا سەرپێچی دەبینێت، بەڕێوەبەری پارکی هەواری شار وتی، “سکویرتییەکان ئاگاداریان دەکەنەوە، ئەگەر گوێیان لێ نەگیرا ناچارن پۆلیسی ناوخۆی ئاگادار دەکەن”.
لە بارەی ئەوەی بۆچی توالێتەکانی پارکەکە کراون بە پارە ئەو وتی، “پێشتر کە بێبەرامبەر بوو، لەبەر پاک رانەگرتن و بۆنی، کەس نەیدەتوانی توالێتەکان بەکاربهێنێ، ئێستا کە کراوە بە 500 دینار و لە خزمەتی خۆشیدا بەکاردەهێنرێتەوە، توالێتەکان سەلامەتن و شیاوی ئەوەن بەکاربهێنرێن”.
بەڕێوەبەرەکەی پارکی هەواری شار لە بارەی سەگی بێلانە وتی، “سنووری پارکەکە زۆر فراوانە، ئاسان نییە کۆنتڕۆڵکردنی ئەو رووبەرە و رێگەگرتن لە سەگی بێلانە، چونکە بەشی سەرەوەی پارکەکە چۆڵەوانییەکی مەودا فراوانە و سەگی لێ نابڕێت، بەڵام هەر هەنگاوێک پێویست بێت دەینێن”.