شەقامێکی سلێمانی - وێنە: 964
لە رێگای نێوان شارەکان
لەمەودوا نا‌توانیت بە دڵی خۆت تابلۆی ریکلام هەڵبواسیت
دیلان محەمەد جەزا
دانانی تابلۆی ریكلام لە سەرجەم رێگاکانی دەرەوەی شاری سلێمانی بە كۆمپانیایەك دراوە، ئەوانیش دەڵێن لەمەودوا کەس بۆی نییە لە رێگاکانی دەرەوەی شار بە ئارەزووی خۆی تابلۆی ریکلام دابنێت.
رەنج فەرەج بەڕێوەبەری کۆمپانیای سوپەر ڤیژن بە 964 وت، گرێبەستێکیان هەیە لەگەڵ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بۆ دانانی تابلۆی ریکلام لە سەرجەم رێگاکانی دەرەوەی شاری سلێمانی.
باسی لەوەش کرد، پێشتر هاوڵاتیان تابلۆی ریکلامیان لەسەر رێگاکانی دەرەوەی شارەکان داناوە و سەرجەمیان لادەبرێن و دەبێت لە رێگەی کۆمپانیاکەیانەوە دابنرێنەوە و رێككەوتن بكرێت.
“هۆکاری رێکخستنەوەی تابلۆی سەر رێگاکان بۆ ئاگاداربوونە لەوەی بزانرێت کێ ریکلام دەکات و بابەتەکان چین و هاوکات داهاتێکیش بۆ حکومەت دابین دەكرێت”، ره‌نج فه‌ره‌ج وای وت.
هه‌روه‌ها روونیكرده‌وه، دانانی تابلۆکان 10 مەتر لە دووریی شەقامە یەک سایدەکانەوە دادەنرێت گەر پانتایی هەبێت، لە شەقامە دوو سایدەکان دەتوانن لە بلواری ناوەڕاستی شەقامەکەدا دایبنێن.
باسی لەوەش کرد، ساڵانە کرێ دەدەنە حکومەت لەسەر بنەمای مەتر چوارگۆشە، تا ئێستا نزیکەی هەزار مەتر شوێنی دانانی ریکلامیان داناوە لەسەر رێگاکانی دەرەوەی شاری سلێمانی.
سەعدوڵا حەسەن راوێژکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هه‌رێمی كوردستان، بە 964ی وت، لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بڕیاردراوە بە رێکخستنەوەی ریکلامی سەر رێگاکانی دەرەوەی سه‌رجه‌م شارەکانی هەرێمی کوردستان، كه لەلایەن دوو کۆمپانیاوە دەبێت.
ئاشكراشی كرد، ریکلامەکانی سلێمانی و هەڵەبجە لەلایەن کۆمپانیایەك و ئەوانەی هەولێر و دهۆکیش لەلایەن کۆمپانیایەکی دیکەوە دەبن، مەبەست له‌م كاره‌ش رێکخستنەوەی بواری ریکلامە لەسەر رێگا سەرەکییەكانی نێوان شارەکان.
حكومه‌تی هه‌رێم جگه له داهاتی ریكلامی رێگای ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان، هاوكات بۆ هه‌ر بازاڕ و ماركێتێك و له هه‌موو شوێنێكدا، ساڵانه پاره‌ی هه‌ڵواسینی تابلۆی ناونیشانه‌كانیان وه‌رده‌گرێت، هه‌روه‌ها تابلۆی ریكلامی ناو شاره‌كانیشی به كرێ به كۆمپانیاكان داوه.
پێداچوونه‌وه: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا