لە گەرمیان

967 کەسی هێزی کاری تەندروستیی دانەمەزراو خۆیان تۆمار کردووە

پێشەوا محەمەد

لەو پڕۆسەیەدا کە تەندروستیی گەرمیان بۆ تۆمارکردنی هێزی کاری تەندروستیی دانەمەزراو رایگەیاندووە، تا ئێستا 967 کەس خۆیان تۆمار کردووە.

بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی گەرمیان، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 6.6.2024 بڵاویکردووەتەوە، لەو رێژەیەی تۆمار کراوە 67%یان لە رەگەزی مێن و 33%یان لە رەگەزی نێرن، هاوکات 57%یان سەڵتن و 43%یان چوونەتە ژیانی هاوسەرگیرییەوە.

“ئامانجی کارەکە ئەوەیە، داتایەکی وردیان سەبارەت بە هێزی کاری تەندروستی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان دەستبکەوێت، کە دەرچووی بەشە پزیشکییە جیاوازەکانن و تا ئێستا دانەمەزراون”، ئەوە قسەی سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری تەندروستیی گەرمیانە بۆ 964.

تۆمارکردنەکە تا 20.6.2024 بەردەوام دەبێت، دواتر قۆناغی دووەمی پڕۆسەکە دەستپێدەکات کە وەرگرتنی بەڵگەنامە و پێداویستییەکانە.

بەڕێوەبەری تەندروستیی گەرمیان وتیشی، “ئەوانەی دانیشتووی گەرمیانن و دەرچووی یەکێک لە بەشە پزیشکییەکانن با ناوی خۆیان تۆمار بکەن لەو وادەیەی دیاری کراوە تا هێزی راستەقینەی کارمەندانی تەندروستیی دانەمەزراو لە سنوورەکەمان بزانین”.