نزیكه‌ی دوو تۆن مادده كه‌وتووه‌ته‌ده‌ست
ئاسایشی هه‌رێم وردەکاری دەستبەسەرداگرتنی كارگه‌یه‌كی مادده‌ی هۆشبه‌ر ئاشکرا دەکات
964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا
ده‌زگای ئاسایشی هەرێم – سلێمانی، ئەنجامی لێکۆڵینەوەی دەستبەسەرداگرتنی کارگەیەکی ماددەی هۆشبەر لە سنووری ناحیەی مەیدان کە لە سەرەتای دروستکردنیدا بوو، بڵاو دەکاتەوە.
ده‌زگای ئاسایشی هەرێم – سلێمانی، ئەنجامی لێکۆڵینەوەی دەستبەسەرداگرتنی کارگەیەکی ماددەی هۆشبەر لە سنووری ناحیەی مەیدان کە لە سەرەتای دروستکردنیدا بوو، بڵاوكرده‌وه.
عەقید سەلام عه‌بدولخالق، لێپرسراوی راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێم – سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە 3.6.2024 زانیاری ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، کارگەیەکی ماددەی هۆشبەر، کە لە سەرەتای دامەزراندنیدا بوو، له لایه‌ن هێزەکانیانه‌وه لە ناحیەی مەیدان لە رۆژی 29.4.2024 دەستی بەسەردا گیرا و پێنج كه‌سیش دەستگیر كران، ئێستا و لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانیشدا، بە بڕیاری دادوەر فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سێ کەسی دیكه ده‌رچوو، هه‌روه‌ها دەست بەسەر بڕی (140) کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری خراپبوودا گیرا.
سه‌رچاوه‌كه بڵاویكردووه‌ته‌وه، لە درێژەی لێکۆڵینەوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، لە قەزای کەلار تۆمەتبارێکان دەستگیر کردووه و دەستشیان به‌سه‌ر بڕی ( یەک تۆن و 765 کیلۆگرام) ماددەی سەرەتایی هۆشبەردا گرت.
ئاسایشی هه‌رێم – سلێمانی ده‌ڵێت، “لە چالاکییەكه‌دا جگە لە هێزەکانی ئاسایش، هیچ هێزێکی دەرەکی بەشداریی نەکردووە”.
لە رووبەڕووبونەوەی باندێکی مادەی هۆشبەر دوو کارمەندی هێزە ئەمنیەکان و هاوڵاتیەک بریندارن
هه‌روه‌ها ده‌ڵین، “وردەکاریی لێکۆڵینەوەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئەوە دەردەخەن، کارگەی ماددە هۆشبەرەکە لە سەرەتای دروستکردنیدا بووە و بە هیچ شێوەیه‌ک نەگەیشتوەتە ئاستی به‌رهه‌مهێنان”.
بازرگانی و بڵاوبوونه‌وه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ر له عێراق و كوردستان گه‌یشتووه‌ته ئاستێكی مه‌ترسیدار و له ماوه‌ی رابردوو به پێی ئامارێكی 964، كه بۆ راگه‌یاندراوی ئاسایشی شاره‌كانی هه‌ولێر، سلێمانی و دهۆك ئه‌نجامی دا، ده‌رده‌كه‌وێت رۆژانه به لای كه‌م بازرگانێك و حه‌وت كیلۆ مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستیبه‌سه‌ردا ده‌گیرێت، له به‌غدا و ناوچه‌كانی دیكه‌ش بارودۆخه‌كه مه‌ترسیدارتره و رووبه‌ڕووبوونه‌وه و شه‌ڕه‌ته‌قه له نێوان بازرگانانی ئه‌و ماددانه و هێزه ئه‌منییه‌كان رووده‌دات.