ئامێرێکی نامۆ بە پردەکەوەیە

ئەم ڤیدیۆیە خەڵکی کەڵەکی ترساندووە، دەڵێن تەقەمەنی لە پردەکە بەستراوە

964+

زەید کۆچەر- دهۆک

ڤیدیۆیەک لە سۆشیال میدیا بڵاوبووەتەوە دەڵێن تەقەمەنی لە پردی کۆنی ناحیەی کەڵەک بەستراوەو ئاسایش لەوێیە بۆ پوچەڵکردنەوەی، خەڵک بەم هەواڵە ترساون.

لە ڤیدیۆکەدا ئامێرێکی نامۆ دەبینرێت کە توند بە پردەکەوە گرێدراوەو پێوەرێکی لەسەرە.

964 سۆراغی کرد، دەرکەوت ئەوەی خەڵک لێی ترساون دوورو نزیک پەیوەندی نییە بە هیچ جۆرە تەقەمەنییەکەوە.

عەنتەر فەرهاد بەڕێوەبەری ناحیەی کەڵەک بە 964ی وت ”ئەو زانیاریانە هەمووی ناڕاستن، ئەوەی لە ڤیدیۆکە دەردەکەوێت پێوەری ئاوەو بۆ پێوانی ئاستی ئاوی زێ داندراوە، فەرمانگەی ئاوی خەبات ئەو پێوەرەی داناوەو هیچ مەترسییەک لە ئارادا نییە”.

ئەم پێوەرە تازە نییەو هەفتەیەک زیاترە لەو شوێنە بەستراوە، بەڵام پێدەچێت تازە بینرابێت بۆیە خەڵک بەلایانەوە نامۆیە.

پردی کۆنی کەڵەک ناحیەی کەڵەک بە قەزای خەباتەوە دەبەستێتەوەو بەبن پردەکەدا ئاوی زێی گەورە تێدەپەڕێت، فەرمانگەی ئاوی خەباتیش دەیەوێت ئاگای لە هەڵکشان و داکشانی ئاوەکە بێت بۆیە ئەم ئامێرەی داناوە.

سێ رۆژە ناحیەی کەڵەک بێ ئاوە

سێ رۆژە ناحیەی کەڵەک بێ ئاوە