ناوی 2017 بۆ 2023ی تێدایە

ناوی سێ یەکەمەکان دەچێتە بەردەم واژۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان


ئەحمەد مستەفا

وەک هەواڵێکى دڵخۆشکەر بۆ سێ یەکەمەکان، وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، سبەی سێشەممە بە مەبەستی دامەزراندن، لیستی ناوی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.

بە قسەی وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ناوەکان لیستی یەکەمەکانی ساڵی خوێندنی 2017-2018 بۆ 2022-2023ی تێدایە.

ئەمڕۆ دووشەممە 27.5.2024، عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە 964ی وت، “وەزیرى خوێندنى باڵا لایەنە تایبەتمەندەکانی وەزارەتەکەی راسپاردووە بۆ خێراکردن لە ئامادەکاری و هەماهەنگی بۆ دامەزراندنى سێ یەکەمەکان”.

ئەمڕۆ لە دیوانی وەزارەتەکەشی ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنى باڵا کۆبونەوەیەکى تایبەتی لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان ئەنجامداوە بۆ هەنگاوە کۆتاییەکانی ئامادەکاری و هەماهەنگی بۆ دامەزراندنى یەکەمەکان.

لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری خوێندنی باڵا وتوویەتی، “دامەزراندنى سێ یەکەمەکان بە ئەرکى لە پێشینەى وەزارەتەکەی زانیوە”، باسی لەوەش کردووە، “لەم قۆناغەدا پێویستە هەموان پێکەوە هەماهەنگ و هاوکارى یەکتر بن، بۆ ئەوەى مافى هیچ یەکێک لە سێ یەکەمەکان نەفەوتێ، بۆیە دەبێ لە تۆمارکردنى ناوى چواریان و بەشەکانیان و تەواوى زانیارییەکان ورد بن و نابێت هیچ چۆرە کەمتەرخەمییەک لەم رووەوە هەستى پێ بکرێت”، ئەوەش بە گوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە.

لە هەرێمى کوردستان، ساڵانى رابردوو سێ یەکەمەکانى ساڵانى (2015-2016) و (2016-2017) دامەزران.