ساڵێک بەسەر دانانیدا تێدەپەڕێت

کامێراى پۆینت توو پۆینت 50%ـى رووداوەکانى هاتوچۆى کەمکردووەتەوە

964+

وریا فەتاح

ساڵێک تێدەپەڕێت و بەگەڕخستنى کامێراکانى تیژڕۆیى “پۆینت توو پۆینت” لە هەرێمى کوردستان، بووەتە هۆى کەمکردنەوەى زیاتر لە 50%ـى رووداوەکانى هاتووچۆ.

کاتژمێرى 8:00ـى بەیانى رۆژى 29ی ئایاری 2023، بۆ یەکەمجار لە هەرێمى کوردستان لە رێگه‌ی (سلێمانی- دوكان)، كامێراكان تیژڕه‌وی ئۆتۆمبێل “پۆینت توو پۆینت” کەوتنەکار و دوو رۆژى تر تەمەنیان دەبێت بە ساڵێک

دواى ساڵێک لە دانانى کامێراى پۆینت توو پۆینت، د.هێمن میرانى بەڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆى هەرێم قسەى بۆ 964 کرد و وتى،” دانانى کامێراى پۆینت توو پۆینت، ئەزمونێکى سەرکەوتووى پاراستنى ژیان و سەرمایەى خەڵک بوو، هەر بۆیە دواى رێگەى تاسلوجە بۆ سلێمانى، لە هەردوو شەقامى بازنەیى 120 مەترى و 150 مەترى هەولێر و رێگەى هەولێر بۆ دهۆک و هەولێر بۆ کەرکوک و هەولێر بۆ موسڵ، کەوتنە کار”.

پۆینت توو پۆینت توانى رووداوەکانى هاتووچۆ کەم بکاتەوە؟، ئەمە پرسیارى گەوهەرى 964 بوو، لە وەڵامدا، بەڕێوەبەرى گشتى دیوانى وەزارەتى ناوخۆ وتى،”بەدڵنیایى، هەر ئەوکات هاتوچۆى سلێمانى خۆیان وتیان پێش دانانى پۆینت توو پۆینت، رووداوەکانى هاتووچۆ بە جۆرێک زۆر بووە کە تیمێکى هاتووچۆ دوو جار لە کاتێکدا پێویست بووە دەربچێت بۆ ئەوەى خەریکى رزگارکردنى خەڵک و بەدواداچوونى رووداوێکى هاتوچۆ بێت، بەڵام دواى دانانى کامێراکان ئەوە نەماوە”.

هێمن میرانى بە ئامارى دوو کاتى جیاواز پاڵپشتى قسەکەى خۆى کرد، ئەو ئاشکراى کرد لە شەش مانگى دووەمى ساڵى 2023، کە کامێراى پۆینت توو پۆینت کەوتەکار، لە شارى هەولێر بۆ هەر مانگێک کەمتر لە 200 رووداوى هاتوچۆى روویانداوە، بەڵام لە شەش مانگى دووەمى 2022، بۆ هەر مانگێگ 500 بۆ 600 رووداوى هاتووچۆ روویانداوە، بەمەش دەردەکەوێن زیاتر لە 50%ـى رووداوەکانى هاتوچۆ کەمبووەتەوە.

964 ویستى ئامارەکانى پێش و پاش دانانى کامێراى پۆینت توو پۆینتى بەرێوەبەرایەتى هاتووچۆى سلێمانى دەستبکەوێت، بەڵام دوو جار پەیوەندیمان بە وتەبێژەکەیانەوە کرد و وتى،”بەشى تۆمارى کامێراکان ئامارەکانیان بۆ نەناردووم”.

سیستەمەکە هەڵە دەکات؟

لەسەر ئەو گلەیى و رەخنانەى لە سیستەمەکە دەگیرێت، یان ئەو بۆچوونەى پێیى وایە سیستەمەکە هەڵە دەکات، هێمن میرانى روونی کردەوە کە سیستەمەکە بەردەوام لە ژێر چاودێریکردن و ئەبدەیت کردنەوەدایە، رۆژانە نوسراومان بۆ دێت لە هاتوچۆوە کە هەندێ جار سیستەمەکە لە ئەنجامى روون نەبوونى ژمارەى تابلۆى ئۆتۆمبێلێک سەرپێچى بۆ ئۆتۆمبێلێکى تر نوسراوە، بەڵام ئەوە حاڵەتى دەگمەنن و زیاتر بۆ ئەو تابلۆیانەیە کە بە دیجیتاڵى نەکراون، بۆیە لەو کاتەدا شۆفێر سکاڵا دەکات و دواى سەیرکردنەوەى ئەگەر سەرپێچى ئەنجامدا بوو بە بەڵگەوە پیشانى دەدرێت ئەگەر نەیکردبوو سزاکەى دەسڕێتەوە.

“لە ئایندەیەکى نزیکدا شەقامەکانى دەرەوەى سلێمانى، سیستمى کامێراى (پۆینت توو پۆینت)یان بۆ دادەنرێت”، هێمن میرانى، بۆ 964 واى وت.

دەرکەوت ئەوەى نەیەوێت سەرکێشى بکات نە گیانى دەکەوێتە مەترسى و نە سزا دەدرێت و نە زیانى مادى دەکەوێتەسەر

سزاى هاتووچۆ یەکسانە؟

بە وتەى بەڕێوەبەرى دیوانى وەزارەتى ناوخۆ، سزاى هاتوچۆ لەسەر هەموان وەک یەکە تەنانەت ئۆتۆمبێلەکانى دەوڵەتیش، بۆیە هەر شۆفێرێک بە ئۆتۆمبێلى دەوڵەتەوە لە کامێرا بدات سزاى دەکەوێتەسەر و چاوپۆشى لێناکرێت.

مۆڵەتى شۆفێرى دەکرێتە خاڵ؟

“لە بەرنامەدایە مۆڵەتى شۆفێرى بکرێت بە خاڵ هاوشیوەى وڵاتان، بەڵام ئێستا پەرلەمان نییە و ئەوەش پێویستى بە هەمووارى یاسایە، بۆیە لەگەڵ کارابوونەوەى پەرەلەمان و بەلەبەرچاوگرتنى دۆخى نوێى هاتوچۆ دەبێت یاساکەش گۆڕانکارى بەسەردابێت”، هێمن میرانى واى وت.

لە سیستمی کامێرای چاودێریی خێرایی خاڵ بۆ خاڵ دوو کامێرا لەنێوان دوو خاڵ دانراون و دووریی نێوانیان سێ بۆ چوار کیلۆمەتر دەبێت، کاتێک ئۆتۆمبێلێک دەگاتە کامێرای یەکەم وێنەی دەگیرێت و سەرجەم زانیارییەکانی لە ژمارە و جۆر و کاتەکە دەنێرێت بۆ کامێرای دواتر، کە بە تۆڕێکی ئەلیکترۆنی پێکەوە بەستراونەتەوە، کاتێک دەگەیتە کامێرای دووەم دیسان کامێراکە وێنە دەگرێتەوە و بەپێی ئەپڵیکەیشنێکی تایبەت بە خۆی، ئەو کاتە هەژمار دەکات کە بۆ گەیشتن بە خاڵی دووەم دیاریکراوە، لەسەر بنەمای کاتەکە دەزانێت بە چی خێراییەک لێخوڕینت کردووە.

ئەگەر ئەو کاتەی پێویستە بۆ گەیشتن لەنێوان دوو خاڵەکە هەمان کاتی دیاریکراوبوو، ئەوا هیچ سزایەک نانووسرێت، واتە لێخوڕین بە خێرایی دیاریکراو بووە، بەڵام ئەگەر کەمتر بوو لەکاتی دیاریکراو، ئەوە مانای ئەوەیە زێدەڕۆیی کراوە و لەسەر بنەمای کەمیی کاتەکە خێرایی ئۆتۆمبێلەکە دەزانرێت و سزا لەسەر ئەو بنەمایە دادەنرێت.

کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە 16 شوێنی رێگای هەولێر بۆ کەرکوک دە...

کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە 16 شوێنی رێگای هەولێر بۆ کەرکوک دەکەوێتە کار

کامێراى خاڵ بۆ خاڵ لە نێوان هەولێر و خەبات کەوتەکار

کامێراى خاڵ بۆ خاڵ لە نێوان هەولێر و خەبات کەوتەکار

لە سبەینێوە کامێراکانى خاڵ بۆ خاڵ دەکەونە کار

لە سبەینێوە کامێراکانى خاڵ بۆ خاڵ دەکەونە کار