شێرکۆ کەریم تۆپ لە یاریزانێکی ئەمانە دەرباز دەکات، فۆتۆ: خولی ئەستێرەکانی عێراق
یەکەم بردنەوەی بابۆ
هەولێر ئەمانەی لە بەغدا نەهێشت
ئەحمەد عەبدوڵا
ئێوارەی ئەمڕۆ یانەی هەولێر لە گەڕی 31ی خولی نایابی عێراق بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە یانەی بەغدای بردەوە و سەمیر بابۆش یەکەم یاری خۆی لەگەڵ یانەکە بردەوە.
یارییەکە بە هێرشەکانی یانەی ئەمانە دەستیپێکرد و سەرەتا یارییەکەیان کۆنتڕۆڵکردبوو تا شێرکۆ کەریم کاپتنی یانەی هەولێر لەسەر شێوازی یاریزانە جیهانییەکان بە لێدانێکی راستەوخۆ تۆڕی یانەی ئەمانەی بەغدای هەژاند و دەرگای گۆڵکردنی کردەوە.
یارییەکە بەردەوام بوو تا محەمەد قاسم هێرشبەری هەولێر تۆپێکی بەرزی لە مەکەنزی وەرگرت و بە لێدانی سەر لە خولەکی 68 گۆڵی دووەمی تۆمار کرد و ئەنجامەکەی بۆ هەولێر گەورە کرد و هەر هەمان یاریزان لە کۆتا خولەکەکانی یارییەکە گۆڵی سێیەمیشی کرد.
ئەسهەر عەلی لە خولەکی 91 تاکە گۆڵی یانەی ئەمانەی لە یارییەکە تۆمار کرد و یارییەکە سێ گۆڵ بەرامبەر یەک گۆڵ بۆ هەولێر کۆتایی هات.
دوای دۆڕانەکەی بەرامبەر یانەی زاخۆ، ئەم یارییە دووەم یاری و یەکەم بردنەوەی سەمیر بابۆی راهێنەری نوێی هەولێر بوو کە لە پێشمەرگەی هەولێرەوە پەیوەندی بە یانەکەوە کردووە.
ئەم بردنەوەیە حەوتەمین بردنەوەی یانەی هەولێر بوو و یانەکە بە ئەنجامدانی 29 یاری 31 خاڵی کۆکردووەتەوە و لە ریزبەندی 14ی خولەکەیە و دوو یاری دواخراویشی ماوە.
هەولێر ئەمساڵ بە دۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت و لەم مانگەدا دەستەی بەڕێوەبردنی یانەکە دەستیان لە کار کێشایەوە و دەستەیەکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی یانەکە پێکهێنرا.