وەستا لوقمانی هەلاج گرفتی بۆ دروست بووە

“ماڵێک 17 پشتی بۆ هێنام، 13 دانەیان نوشتە و جادووی تێدا بوو”

964+
بڕوا مەجید – شارەزوور

لوقمان نەجیب هاوڵاتییەکی قەزای شارەزورە ، تەمەنی 43 ساڵە نزیکەی 23 ساڵە سەرقاڵی پیشەی هەلاجییە، لوقمان دەڵێت، “هیچ ساڵێک بەقەدەر ئەم دواییانە نوشتە و جادو لەناو بالیف و پشتییەکاندا بوونی نەبووە”.

رۆژانە کاتژمێر 8:00ی بەیانی، دوکان دەکاتەوە تا کاتژمێر 11:00ی نیوەڕۆ، دوای ئیسراحەت دەگەڕێتەوە سەر کارەکەی تا بانگی ئێوارە، لوقمان دەڵێت، “ئەو پێداویستییانەی هاوڵاتیان بۆمان دەهێنن بۆیان چاک بکەین (سەرینی ئاسایی، لێفە، بالیف، دۆشەک، سەرینی کوردیی وچەند جۆرێکی دیکەی راخەرن).

ئەگەر دۆشەکێک لەلای وەستا لوقمان نوێ بکەیتەوە بە پێنج هەزارد دینارە و پشتییەکیش هەر دوو هەزار دینارت لێ دەسەنێت.

لوقمان، سەرەتا لۆکەکە بە ئامێرێک شیدەکاتەوە، دواتر دەیکەنە ناو بەرگی نوێوە و تەقەڵ دووری دەکات، پاش ئەوە لۆکەکە بەتەواوی بڵاودەکاتەوە بۆ ئەوەی تێک نەچێت، لوقمان نەجی دەڵێت، “دوو جۆر لۆکە هەیە باشترین جۆری لۆکە، لۆکەی کوردییە و زۆر درەنگ تێکدەچێت، لۆکەی توبیش هەیە ئەمیان زۆر باشنیە”.

وەستا لوقمان پێی وایە، “پیشەی هەلاجی گۆڕانکاری زۆر بەسەردا هاتووە، پێشتر ئامێر و ئالیاتی باش نەبوو بۆ پیشەکە، بەڵام لەسەردەمی مندا ئامێرەکان گۆڕاون تا رادەیەکی باش کارئاسانی بۆ ئێمە کردووە، سەرەڕای مەترسییەکانی ئەوەی نیگەرانمان دەکات بوونی نوشتە و جادووییەکی زۆرە لەناو ئەو پشتی و دۆشەکانەی هاوڵاتیان دەیهێنن، هەندێجار خۆشیان نازانن کە نوشتە یان جادووی تێدایە”.

“ماڵی وا هەبووە 17 پشتییان بۆ هێناوم چاکی بکەم، لە 13 دانەیاندا نوشتە و سحر هەبووە و خۆیان لێی بێگا بوون، هەشبووە لە پشتییەکەدا دوو یان سێ نوشتەی تیابووە، ئێمە نازانین بەچی جۆرێک مامەڵە لەگەڵ ئەم کێشە و بارودۆخەدا بکەین، هەندێ کات من فڕێیان ئەیمەم، بەڵام ئەوەش چارەسەر نیە”.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا