پێشتر لەگەڵ بایرن 8 گۆڵى لە بارسا کردبوو
هانسى فلیک دەبێتە راهێنەرى بارسا
964+
سۆما حەکیم زادە
هانسى فلیک گەیشتە رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ بارسێلۆنا و لە وەرزی داهاتووەوە دەبێتە راهێنەری بلوگرانا.
فلیک ئەو راهێنەرەیە، کە پێشتر لەگەڵ بایرن 8 گۆڵى لە بارسا کردبوو و یانە کەتەلۆنییەکەى توشى شەرمەزارییەکى گەورە کرد.
بارسا بە بڕیارێکی سەیر و چاوەڕواننەکراو بڕیاریدا چاڤی راهێنەری دووربخاتەوە، پێش هەفتەی کۆتایی رکابەرییەکانی لالیگا و یاریی تیپەکە بەرامبەر سیڤیلیا، ئەم هەواڵەی ئەمڕۆ هەینیی بە فەرمی راگەیاند.
فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامەنووسی بەناوبانگى وەرزشى رایگەیاند، رێکەوتنەکان کۆتاییان هاتووە و لەوەرزی داهاتوو دا هانسى فلیک دەبێتە راهێنەری یانەی بارسێلۆنا.
پینی زەهاوی بەڕێوەبەری بەرنامەکانی هانسی دوای دانووستانەکان لەگەڵ بەڕێوەبەرانی بارسا رایگەیاند وتى،” فلیک تا هاوینی 2026 راهێنەرى بارسا دەبێت و موچەکەی30% کەمتر دەبێت لەو موچەیەی کە چاڤی وەریدەگرت”.
پێشبینی دەکرێت رۆژی سێشەممەی داهاتوو، بارسا بە فەرمی هەڵبژاردنی فلیک وەک راهێنەری نوێی تیپەکەى رابگەیەنێت. هەروەها بڕیارە دوو یاریدەدەری ئەڵمانی لەگەڵ خۆی ببات بۆ بارسا.
لە دواى دورخستنەوەى چاڤى، هاندەرانى هەرێمى کەتەلۆنیا هێرشى توندیان کردە سەر خوان لاپۆرتاى سەرۆک و بە بێوەفا ناویان هێنا، چونکە پێیان وایە چاڤى شایەنى ئەو سوکایەتییە نەبوو.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەیەک لەمەوبەر سەرۆکى بارسا، چاڤى راهێنەرى پەشیمان کردەوە لە دەستلەکارکێشانەوە، بەڵام بە کەمتر لە مانگێک لەو هەنگاوە، کێشەکانیان سەریهەڵدایەوە و بڕیارى دورخستنەوەى جاڤی دا.