دەیانەوێت ببووژێتەوە

خاوەن خانەکانی عەلوەی رۆژئاوا داوای چارەسەر لە ژووری بازرگانیی سلێمانی دەکەن

964+

پێشەوا محەمەد

خاوەنی دوکان و خانەکانی عەلوەی رۆژئاوای سلێمانی سکاڵای خۆیان بردووەتە ژووری بازرگانیی سلێمانی و داوای چارەسەرکردنی کێشەکانیان و کردنەوەی دەکەن.

ئەگەرچی لە ساڵی 2022ـەوە عەلوەی رۆژئاوای سلێمانی کراوەتەوە، بەڵام ئاوەدان نەبووەتەوە و دوکان و خانەکانی داخراون، ئەوەش کێشەی ئەوانەیە لە عەلوەکە موڵکیان کڕیوە و پێشتر لە عەلوەکانی دیکەی سلێمانی کاریان کردووە.

کامەران ئیبراهیم، کە خاوەن خانە لە عەلوەی سلێمانی و لەو لیژنەیەدا بووە چوونەتە ژووری بازرگانیی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، عەلوەکە دەیان کێشەی هەیە، دوکانەکانی زۆرن و بڕیار نەبوو هێندە زۆر بن، کەرتەکان بە نزیکەی 30 دەفتەر دۆلار فرۆشران و هەر دوکانێک زیاتر لە پێنج دەفتەر دۆلار کەوت و ئەو عەلوە گەورەیەش بیرێکی ئاوی نەبوو.

وتیشی، “داوامان لە ژووری بازرگانیی سلێمانی کرد بەدوای کێشەکانماندا بێت و چارەسەریان بکەن تا عەلوەکە بە تەواوی ببووژێتەوە و کاری تێدا بکرێت و میوە و سەوزەی سلێمانی لەوێوە ئاڵوگۆڕی پێبکرێت و ئەوانیش بەڵێنی هاوکاری و بەدواداچوونیان دا”.

“دووریی لەناو شار هۆکارێکی گەورەی شکستی عەلوەکەیە، چونکە بەقاڵەکان بۆ گەیشتنیان بەوێ دەبێت بەنزینێکی زۆر بسووتێنن و ئامادەی ئەو هاتوچۆیەش نین”، ئەوەش قسەی کامەران ئیبراهیمە.

بازاڕی عەلوەی رۆژئاوای سلێمانی، لە تاسڵوجەی سلێمانی و لە نزیک کارگەی چیمەنتۆکە دروستکراوە و رووبەرەکەی 116 دۆنمە، 205 نووسینگە و 109 دوکان لەخۆ دەگرێت، جگە لەوانەش پڕۆژەکە مزگەوت، ئوتێل، رێستورانت و یاریگای هەیە.

فرۆشی عەلوەی سلێمانی نزیکەی دوو ئەوەندە زیادی کردووە

فرۆشی عەلوەی سلێمانی نزیکەی دوو ئەوەندە زیادی کردووە