بەهۆی نزیکبوونەوە لە جەژن
فرۆشی عەلوەی سلێمانی نزیکەی دوو ئەوەندە زیادی کردووە
964+
پێشەوا محەمەد
بەهۆی نزیکبوونەوەی جەژنی رەمەزانی پیرۆزەوە، فرۆشی عەلوەی سلێمانی نزیکەی دوو ئەوەندە زیادی کردووە و رۆژانە نزیکەی هەزار تۆن سەوزە و میوە دەفرۆشرێت.
پێشتر و لە رۆژانی ئاساییدا عەلوەی سلێمانی 500 تا 600 تۆن سەوزە و میوەی رەوانەی بازاڕەکان دەکرد، بەڵام لە 20ـی رەمەزانەوە ئەو رێژەیە بەرزبووەتەوە.
سەروەر عەلی، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی لە سەندیکای عەلوەی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، ئەم جەژنە بەهۆی دابەشکردنی دوو موچەوە سەوزە و میوەی زیاتر دەفرۆشرێت بەراورد بە جەژن و بۆنەکانی دیکە.
وتیشی، “جموجۆڵێکی زۆر لە عەلوەی سلێمانیدا بەدی دەکرێت و بە گشتی هەموو شتێک دەفرۆشرێت، بەتایبەت تەماتە و خەیار و پێویستییەکانی دیکە کە بۆ دروستکردنی خواردن پێویستن”.
لەگەڵ زیادبوونی فرۆشی عەلوەکە، خۆڵ و خاشاکیشی زیادی کردووە.
“رۆژانی ئاسایی عەلوەی سلێمانی 10 تۆن خۆڵ و خاشاکی هەبوو و ئێواران و شەوان فڕێدەدرا، بەڵام ئێستا 20 تۆن خۆڵ و خاشاکی رۆژانەمان هەیە”، سەروەر عەلی وای وت.