کامێراکانی تیژڕەوی خێر لەخۆیان نابینن

میدیازان – دیسکی سلێمانی

کامێرای پۆینت تو پۆینت – میدیازان

شەوی ڕابردوو لەسەر شەقامی گشتیی نێوان سلێمانی – پیرەمەگروون بۆ جاری دووەم تەقە لە کامێرای تۆمارکردنی تیژڕەویی ناسراو بە پۆینت توو پۆینت کرا.

ئەنوەر تاهیر محەمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە میدیازانی ڕاگەیاند: لە دوای بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگاوە بۆ قەدەغەکردنی دانانی کامێرای پۆینت توو پۆینت، هیچ بەرەوپێشچوونێک لە دانانی ئەو کامێرایانەدا ڕووی نەداوە.

مانگ‌و نیوێک بەر لە ئێستا لە گوندی تابین لە نزیک قەزای دووکان تەقە لە کامێرای چاودێریی کرا و شەوی ڕابردووش لە ڕێگەی سلێمانی – پیرەمەگروون دووبارە بووەتەوە.

ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی وتیشی: “دانانی ئەو کامێرایانە لە بەرژەوەندیی گشتی نین و بۆ بارودۆخی ئێستای هاووڵاتییان نابێت و سووریشین لەسەر ئەو بڕیارەی داومانە و چاودێری هەر هەنگاوێک دەکەین کە پێچەوانەی بڕیارەکەی ئێمە بنرێت.”