مۆنۆمێنتی هەڵەبجە - وێنە: 964
وردەکارییەکەی چییە؟
لە هەڵەبجە پلانی پاراستنی ژینگە چالاک دەکرێت
964+
پێشەوا محەمەد
لە هەڵەبجە پلانی پاراستنی ژینگە چالاک دەکرێت، شارەوانی، فەرمانگەی ژینگە، دارستان و پاوان و کشتوکاڵ لیژنەیان دەبێت.
ئەنجومەنی چاککردن و پاراستنی ژینگە لەناو پارێزگای هەڵەبجە لەگەڵ فەرمانگەی ژینگە پلانێکیان داناوە و لە کۆبوونەوە و راوێژدان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و رێکخراوەکان و کەسانی پسپۆڕدا.
سەرهەنگ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە بە 964ـی راگەیاند، پلانەکە لە ئێستادا لە راوێژدایە و دوای بڕیاری کۆتایی لەسەری میکانیزمی جێبەجێکردنی دادەڕێژن، کە هەم پاراستنە هەم بەرەوپێشبردنی ژینگەیە.
وتیشی، “مەبەستمانە تووخمەکانی ژینگە لە خاک، ئاو، هەوا، ژینگەی بیستن و بینین و چەندان جۆری تر جیابکەینەوە، دواتر لە پلانی پاراستنەکەدا بە شێوەی کورتمەودوا و دوورمەدوا رێکاریان بۆ دادەندرێت”.
کۆبوونەوەی یەکەم لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە، کۆبوونەوەی دووەم لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسانی پسپۆڕ دەبێت بۆ فراوانکردنی پلانی پاراستنەکەیان.
“پرسی ژینگە پرس و خەمێکە دەبێت هی هەمووان بێت و هەر لایەن یان فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەک بەشداربێت لە پاراستن و بەرەوپێشبردنیدا”، ئەوەش قسەی بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجەیە.