پڕۆژەکە وەستێنرا

کێشە بۆ ئاوى خواردنەوەى دانیشتوانى قەڵادزێ دروست بوو

964+

محەمەد عەلى

بەهۆى لێچوون لە بوتڵێکى غازى کلۆر، کارەکانى پڕۆژەى ئاوى خاس وەستێنرا و کێشە بۆ ئاوى خواردنەوەى دانیشتوانى قەڵادزێ دروستبوو.

پڕۆژەى ئاوى خاس ئاوى زۆربەى ماڵەکانى قەڵادزێ دابین دەکات، ئێستا تەنیا پڕۆژەى ئاوى سەرچاوەى هەڵشۆ ئیش دەکات و ئەوەش ناتوانێت ئاوى تەواوەتى دانیشتوانى قەزاکە دابین بکاتز

مارف محمود، بەڕێوەبەرى پڕۆژەى ئاوى خواردنەوەى قەڵادزی بە 964ـى وت، لە بەیانى ئەمڕۆوە، بۆ سەلامەتى گیانى کارمەندانمان بڕیارماندا بە راگرتنى پڕۆژەى ئاوى خاس.

وەک ئەوەى باسى دەکات، نایانەوێت رووداوەکەى ئەم چەند رۆژە دووبارە ببێتەوە و کەس بەهۆیەوە گیان لەدەست بدات.

سەرەڕاى ئەوەى دوێنێ دوو تیمى بەرگرى شارستانى لە سلێمانى و هەولێرەوە چونەتە پڕۆژەکە و توانیویانە لێچوونەکە کەم بکەنەوە، بەڵام وەک ئەوەى مارف محمود باسى دەکات، چارەسەر نەکراوە.

خەڵک پابەند نییە

بە وتەى مارف محمود، سەرەڕاى مەترسییەکانى غازەکە، بەڵام بەشێک لە هاوڵاتیان پابەند نین و تەنیا لە شەوى رابردووودا ئەو هاوڵاتیانە لە نزیک پڕۆژەکە باخ و ڤێلایان هەیە ماونەتەوە و گوێیان بە مەترسییەکان نەداوە.

رۆژى 1.5.2024 بوتڵێکى غازى کلۆر لە پڕۆژەى ئاوى خواردنەوەى قەڵادزێ توشى لێچوون بوو.

رۆژى 3.5.2024، پۆلیسێک کە پاسەوانى پڕۆژەکە بوو بەهۆى غازى کلۆرەکەوە گیانى لەدەستدا.

رۆژى 20.5.2024، یەکێکى تر لە بوتڵەکان هاوشێوەى بوتڵەکەى پێشوو، توشى لێچوون بوو.

بوتڵە کلۆرەکەی قەڵادزێ دڵی خەڵکی ئەو دەوروبەرەی کرمێ ک...

بوتڵە کلۆرەکەی قەڵادزێ دڵی خەڵکی ئەو دەوروبەرەی کرمێ کردووە