خەڵکەکەی تەنگەنەفەسن، ئاژەڵەکان نەخۆشن، مریشکەکان مردار دەبنەوە
بوتڵە کلۆرەکەی قەڵادزێ دڵی خەڵکی ئەو دەوروبەرەی کرمێ کردووە
+964
محەمەد عەلی ــ پشدەر
هێشتا قەیرانی بوتڵە کلۆرەکەی ئاوی قەڵادزێ کۆتایی نەهاتووە، خەڵکی گوندەکانی ئەو دەوروبەرە دڵیان رەحەت نییە، دەڵێن خۆمان تەنگەنەفەس بووین و مریشکەکانمان بردار دەبنەوەو ئاژەڵەکانیشمان نەخۆش دەکەون، هەموو گومانەکەیان بۆ ئەوە دەچێت خەتای کلۆرەکە بێت.
یەکەم رۆژی ئەم مانگە (مانگی پێنج) بوتڵێکی کلۆر لە پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ درزی برد، بەرپرسانی ناوچەکە باری نائاساییان لەو دەوروبەرە راگەیاند، چونکە دزەکردنی کلۆر مەترسیدارەو دەشێ خەڵک لەناو ببات، مەترسییەکەیان لە جێی خۆیدا بوو، پۆلیسێک لە پرۆژەکە گیانی لەدەستداو چەند کەسێکی تر تەنگە نەفەس بوون.
گوندی بنەوشان لە پشدەر نزیکترین گوند بوو لە پرۆژەکەوە، بۆیە دەسەڵاتدارانی خۆجێیەتی ئەو دەوروبەرە بە خەڵکی گوندەکەیان وت چۆڵی بکەن، ئیتر بۆ پێنج رۆژ کەسی تێدا نەما.
محەمەد عەلی پەیامنێرە بزێوەکەی 964 لە یەکەم رۆژەوە سۆراغی ئەم هەواڵەی کردو لە بەرپرسانی ناوچەکەی دەپرسی چی تازە هەیە، تا دواجار هەواڵی دەرهێنانەوەی بوتڵەکە و رەوینەوەی مەترسییەکەمان بڵاوکردەوە.
بەڵام ئەو مەترسی رەوینەوەی بەرپرسانی ناوچەکە دەڵێت، هێشتا خەڵکی ناوچەکە لێی دڵنیا نین، وەک بڵێی دڵیان لێی کرمێ بووە.
دەرمانی پاککردنەوەی پڕۆژەی ئاوی خاس گەیشت
سالار مەحمود دانیشتووی گوندی بنەوشانە، ئەمڕۆ 14ی مانگ قسەی بۆ پەیامنێری 964 کرد، واتە دوو هەفتەی تەواو دوای دزەکردنی کلۆرەکە، سالار وتی ”گەڕاوینەتەوە گوندەکە، بەڵام هەندێ کەسمان تەنگەنەفەس بوون، ئاژەڵەکانمان نەخۆش دەکەون و لەو دەواجینی پەلکەوەرەی هەمانە نزیکەی 500 مریشک مرداربوونەتەوە، لەو دەوروبەرە کشتوکاڵیشمان زۆرە، ئێستا گومانمان لەوەش هەیە”.
خەڵکی گوندەکە دەردەدڵی خۆیان لای 964 کرد، بەڵام هێشتا نەچوون ئەمە بە لایەنە پەیوەندیدارەکان بڵێن، سالار مەحمود دەڵێ ”حەق وابوو خۆیان بەو ئەرکە هەستابان و لیژنەیەکی تایبەتیان بۆ ئەومەبەستە ناردبایە بۆ گوندەکەمان، لەبەرئەوەی ئەم جۆرە گازە زۆر مەترسیدارە”.
سالار بە محەمەدی پەیامنێری 964ی وت ”پیاوی چاک بن ئێوە پێیان بڵێن”.
دکتۆر ئازاد ئەحمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێرکاری شەهیدانی قەڵادزێ قسەی خەڵکی گوندەکەی پێگەیشت، ئەویش بە 964ی وت “رەئی زانستی ئێمە، لەسەر گازەی کلۆرەکەی ئاوی خاس، لەدووریەکی دیاریکراو کاریگەری نامێنێت، بەتایبەتی دوای چەند رۆژێک، ئێمە گومان ناکەین تائێستا کاریگەری ئەوگازە مابێت لەسەر گوندەکە و دەوروو بەریشی، تائێستاش کەس نەهاتووە بۆ نەخۆشخانەکەمان بە هۆی ئەو گازەوە نەخۆش کەوتبێت.