شەوگێڕی کۆیە
ساڵانە قەرەخەرمانێکی زۆر دەکەن و موشتەرییان لە بەریتانیا و ئەڵمانیاش هەیە
964+
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
جوتیارانی گوندی شەوگێڕ لە قەزای کۆیە، رێژەیەکی زۆر لە قەرەخەرمان بە چەند هەنگاوێک کە چەند رۆژێکی پێدەچێت بەرهەم دەهێنن.
قەرەخەرمانکردن بە چەند قۆناخێکدا تێدەپەڕێت، کە هەر قۆناغێکی بێ ماندووبوون و زەحمەتی نییە، لە قۆناغی سەرەتادا لە وەرزی زستاندا جۆرە گەنمێکی تایبەت دەچێنن و دواتر کە گەشە دەکات و کاتی دوورینی دێت، دەیدوورنەوە.
لە دوای دوورینەوە لەبەر خۆر رایدەخەن تاوەکو تۆزێک کزر دەبێتەوە “ووشک دەبێتەوە”، لە دوای ئەوە دەچێتە قۆناغی سووتانی قەرەخەرمانەکە و دواتریش بە ئامێرێک کە ناوی (قرشەکوت)ە، گوڵە گەنجە سووتاوەکانی دەخرێتە ناوییەوە تاوەکو گوڵەکەی لەگەڵ گەنمەکە جیابکرێتەوە.
دواتر قەرەخەرمانەکە دەبرێتە ماڵ و پێویستی بە بژارکردن دەبێت، لەو بەرد و پاشماوانەی لە قۆناغەکانی ئامادەکردنیدا دەکەوێتە ناوییەوە، پاشانیش دەبرێتە ئاش و ورد دەکرێت و ئامادە دەبێت بۆ چێشت.
مارف عومەر، جوتیارێکی گوندی شەوگێڕی سەر بە قەزای کۆیەیە بە 964ی وت، “هەموو ساڵێک ئێمە قەرەخەرمان دەکەین، لە هەموو مەرحەلەکانی چەند کەسێک پێوەی خەریک دەبێت، قەرەخەرمانی ئەو گوندەی ئێمە لەو جۆرە بەرهەمە بەناوبانگەیە کە خواستی لەسەرە، سەرەتای دروستبوونیش لەو گوندەی ئێمەوە سەریهەڵداوە”.
قەرەخەرمانی شەوگێڕ، ناوبانگی خۆی هەیە و کڕیارەکانی هەر تەنیا لە کوردستان نییە، بەڵکو بۆ بەریتانیا و ئەڵمانیاش دەفرۆشرێن، خواستێکی زۆری لەسەرە و لە رووی تەندروستیشەوە خواردنێکی سوود بەخشە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا.