لە ناحیەی تەكیە دەنگی تەقینەوەیەكی گه‌وره‌ بیسترا

+964

کوردستان ئەحمەد

بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەهۆی تەقینەوەی بوتڵێك غاز لە ناحیەی تەكیە هاوڵاتیەك بریندار بوو

مامەد رەشاد، بەڕێوەبەری ناحیەی تەكیە بە +964ـی راگەیاند: بەرەبەیانی ئەمڕۆ كاتژمێر 6:20 خولەك رووداوەكە روویداوە.

بەوتەی مامەد رەشاد، بوتڵی غاز لە نێو ماڵێكدا تەقیوەتەوە،هیچ زیانێكی گیانی نەبووە تەنیا ژنێك بە سووكى بریندار بووە، بەڵام زیانێكی ماددی زۆر بە ماڵەكە گەیشتووە

وتیشی ”دەستبەجێ  بریندارەكە گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی چەمچەماڵ، تەندروستی زۆر باشە

بەپێی ئەو دیمەنانەی ئیدیتەرەکەی 964+ لەرێی وێنەوە بینیونی، ماڵەکە دوو نهۆمەو نهۆمی یەکەم دیواری دەرەوەی بەتەواوەتی روخاوەو پەنجەرەی ژوورەکانی پێشەوە هەڵکەندراون و کەلوپەلی ناو ماڵەکە کەوتووە بەسەر یەکدا، ئۆتۆمبێلێکیش لەبەرامبەر ماڵەکە زیانی بەرکەوتووە.

مامەد رەشاد وتی رووداوەكە بەم شێوەیە بووە “ژنی ماڵەكە شەو لە بیری چووە بوتڵی غازەكە بكوژێنێتەوە، بەیانی بۆ دروستكردنی خواردن كە لەخەو هەستاوە ویستویەتی خواردن دروستبكات لەكاتی داگیرساندنی تەباخەكەدا غازەكە تەقیوەتەوە و زیانێكی گەورە بەر ماڵەكە گەیشتوە.

تەکیەی کاکەمەند سەر بەقەزای چەمچەماڵەو دەکەوێتە سەر ڕێگای سلێمانی و چەمچەماڵ

لە ماوەی یەك هەفتەی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو لە هەرێمی كوردستان، بەهۆی تەقینی غاز 22 كەس گیانیان لەدەستداوە و 43 كەسی دیکەش بریندار بوون.

گەورەترین روداویان ئەوەی شاری سێلمانی بوو کە رۆژی 17ـی تشرینی دووەم روویداو بەهۆیەوە 15 کەس گیانیان لەدەستدا